دیانا.. سێ نووسینگەی پڕکردنەوەی فۆڕمی پاسپۆڕت داخران
964+
ئاسۆ وەرتێ – سۆران
لەسەر بە هەڵە پڕکردنەوەی فۆڕمی پاسپۆرتی مامەڵەی هاوڵاتیان سێ نووسینگە لە ناحیەی دیانا داخران.
لە ناحیەی دیانا، حەوت نووسینگە هەیە بۆ پڕکردنەوەی فۆڕم و کڵێشەی مامەڵەی دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرت.
ناحیەی دیانا، لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە و تەنیا سێ کیلۆمەتر لێیەوە دوورە، ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە 57 هەزار کەسە و 22 گوندی بەسەرەوەیە.
فەرزنگ ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی دیانا بە 964ـی وت، سێ شوێنی پڕكردنەوەی فۆڕمی پاسپۆرت داخراون.
دەشڵێت: دوای سەردانی نووسینگەی پاسپۆرت سێ لەو شوێنانە بەھۆی ھەڵەکردن لە شێوازی پڕكرنەوەی فۆڕمەكان بۆ مامەڵەی هاوڵاتیان بڕیاری داخستنیان درا.
زیاتر وتیشی “بە یەکجاری دانەخراون، ماوەیەکی دیکە دەرفەتیان پێدەدرێت کە بیکەنەوە، ئەو داخستنە وەک سەرنج راکێشان وایە بۆیان بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لە پڕکردنەوەی فۆڕم هەڵە نەکەن”.
ناحیەی دیانا، ساڵی 1961 بووە بە ناحیە و سەر بە قەزای رواندز بوو، رووبەرەکەی 166 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە، 36 كیلۆمەتر لە ناحیەی سیدەكان، 20 كیلۆمەتر لە ناحیەی خەلیفان و 106 كیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای هەولێر دوورە.
ساڵی 1986 وەک ناحیە هەڵوەشایەوە، بەڵام ساڵی 1991 دیسان کرایەوە بە ناحیەیە و بەڵام ئەمجارە خرایە سەر قەزای سۆران.