"پێچەوانەی پڕەنسیپ و پێکەوەژیانە"

ئەوقافى هه‌رێم له‌سه‌ر كاری رێكخراوێك هاته‌ده‌نگ

964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی رایگه‌یاند، رێکخراوێک لە ژێر ناوی کاری خێرخوازی و مرۆیی لە ناو کەمپی ئاوارەکاندا کاردەکات سەردانی مەزارگەیەکی پیرۆزی خوشک و برایانی ئێزدی لە پارێزگای دھۆک کردووە و نزا دەکەن، بەڵام ناوەڕۆکی نزاکانیان پێچەوانەی پڕەنسیپ و پێکەوەژیانە.

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 27.4.2023‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌ كردوه‌ “رێکخراوێک لە ژێر ناوی کاری خێرخوازی و مرۆیی، کە لە ناو کەمپی ئاوارەکاندا کار دەکات، بە ناوی (Light The Candle) تیمێکی رێکخراوەکە سەردانی مەزارگەیەکی پیرۆزی خوشک و برایانی ئێزدی لە پارێزگای دھۆک کردووە، لەگرتەیەکی ڤیدیۆیدا نزادەکەن، بەڵام ناوەڕۆکی نزاکانیان پێچەوانەی پرەنسیپ و پێکەوەژیانە و بریندارکردنی ھەستی خوشک و برایانی ئێزدیە”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردوه‌ “ئێمە لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی مەسیحیەکان و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئێزدیان، بە توندی سه‌ركۆنه‌ی کاری ئەم رێکخراوە دەکەین، کە بە ناوی خێرخوازییەوە ئەنجام دەدرێن”.

داواشی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان كردووه‌، رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەم جۆرە کارانە بگرنە بەر، کە ده‌ڵێت “سەرئەنجام کاریگەری لەسەر ئارامی و ئاشتی کۆمەڵایەتی دەبێت”.