دەیانویست وێنە و ڤیدیۆ بڵاوبکەنەوە

فریانەکەوتن هەڕەشەکەیان بەرنەسەر و دەستگیر کران

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

پۆلیسی سلێمانی دوو کەسی بە تۆمەتی هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی کەسانی تر دەستگیر کردووە.

بنکەی پۆلیسی رزگاری دوای وەرگرتنی دوو سکاڵا لەسەریان، لە دوو چالاکی جیاوازدا هەردوو تۆمەتبارەکە دەستگیر دەکات.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 27.4.2023 بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، تۆمەتبارەکان لە کەمتر لە 24 کاتژمێردا دەستگیر کراون.

بە پێی راگەیەندراوەکەی پۆلیس، هەریەك لە تۆمەتباران ب، ع، خ  و س، أ، ع  بەناسنامە کوردن و بە بڕیاری داوەر و بەپێی مادەی 2 لە یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.

مادەی 2 لە یاسای ژمارە 6ی ساڵی 2008ی قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی مۆبایل دەڵێت، ئەگەر کەسێک وێنە یان هەر شتێکی کەسێکی تری بێ رەزامەندی لایەنی بەرامەبەر بڵاوکردەوە و بووە هۆی لەکەدارکردنی، ئەوا زیندانی دەکرێت، کە ماوەکەی لە شەش مانگ کەمتر نەبێت و لە پێنج ساڵیش زیاتر نەبێت. سزای داراییش دەدرێت، کە لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت. یان بە یەکێک لەو دووانە سزا دەدرێت.