مۆڵەتەکەت لێوەردەگیرێتەوە
ئەوە نەما بە ئارەزووی خۆت شەقام پیس بکەیت
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
هەر دوکاندار و خاوەن پیشەیەک شەقام پیس بکات و زیادەڕۆیی بکات، راستەوخۆ مۆڵەتی کارکردنی لێوەردەگیرێتەوە. ئەوە بڕیاری شارەوانیی سلێمانییە.
تۆڕی 964 دەزانێت، دوای چەندانجار ئاگادارکردنەوەی دوکان و خاوەن پیشەکان، کە زیادەڕۆیی نەکەن و شەقامەکان پیس نەکەن شارەوانییەکە ئەو بڕیارەی داوە.
دوێنێ سێشەممە 25.4.2023 شارەوانیی سلێمانی یەکەم سەردانی مەیدانییان دوای بڕیارەکە ئەنجامدا و شەقامی سالمیان بەسەرکردەوە و چەند ئاگادارکردنەوەیەکیان بە دوکانەکان داوە.
ئێمە چەندانجار وێنەمان بڵاوکردەوە و هۆشداریماندا لە پیسبوونی شەقامەکان و زیادەڕۆییکردن لەلایەن دوکاندارەکانەوە، بەڵام هۆشدارییەکەمان نەگەیشتە شوێنی خۆی. زەردەشت رەفیق، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانیی سلێمانی وای بە تۆڕی 964 وت.
وتیشی، “لەمەودوا هەرکەس ئەو دوو کارە بکات مۆڵەتی کارکردنی لێوەردەگیرێتەوە و لیژنەکانیشمان بەردەوام بە ناوبازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا دەگەڕێن”.