بەرامبەر پاڵەوانی عێراق

یانه‌ی هه‌ولێر دووچاری شكست بوو

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

له‌ خولی نایابی عێراق و له‌ یاریگه‌ی شه‌عب، یانه‌ی هه‌ولێر به‌رامبه‌ر یانه‌ی شوڕته‌ دووچاری شكست بوو.

له‌ گه‌ڕی 25ی خولی نایابی عێراق، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یانه‌ی هه‌ولێر له‌ شاری به‌غدا به‌ ئه‌نجامی 1-2 گۆڵ به‌ یانه‌ی شوڕته‌ی پاڵه‌وانی وه‌رزی رابردوو دۆڕا.

هه‌ردوو گۆڵی یانه‌ی شوڕته‌ ئه‌حمه‌د فه‌رحان تۆماری كرد، گۆڵه‌كه‌ی هه‌ولێر ئه‌مجه‌د رازی تۆماری كرد، هه‌روه‌ها له‌ یارییه‌كه‌دا ناوبژیوانی یارییه‌كه‌ گۆڵێكی یانه‌ی هه‌ولێری ره‌تكرده‌وه‌، كه‌ مشتومڕ هه‌ڵده‌گرێت و جێی ناڕه‌زایی یانه‌ی هه‌ولێر.

ئه‌مه‌ یه‌كه‌م دۆڕان بوو بۆ یانه‌كه‌ له‌وه‌ته‌ی عه‌باس عوبێد بووه‌ته‌ راهێنه‌ری تیپه‌كه‌، كه‌ له‌ پێنج یاریی رابردوودا له‌ خول و جامی عێراق نه‌دۆڕابوو.

به‌م ئه‌نجامه‌ یانه‌ی هه‌ولێر له‌ پله‌ی 13یه‌ به‌ 32 خاڵ، یانه‌ی شوڕته‌ش له‌ پله‌ی یه‌كه‌مه‌ به‌ 51 خاڵ.

له‌م گه‌ڕه‌دا هیچ یانه‌یه‌كی كوردستان له‌ خوله‌كه‌دا سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست نه‌هێنا، هه‌ولێر و دهۆك دۆڕان، زاخۆ و نه‌ورۆزیش یه‌كسان بوون.