له‌ چه‌مچه‌ماڵ شەڕەتەقە روویدا و دەوترێت کوژراو هەیە

964+
هۆگر عەدنان

سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ چه‌ند ده‌ستڕێژێكی گولـله‌ له‌ گه‌ڕەکی 48ییه‌كانی چەمچەماڵ بیسترا، دەوترێت کەسێک کوژراوە.

هۆگر عەدنان پەیامنێری 964 لە چەمچەماڵ دەڵێت لەو کاتەدا لەناو بازاڕدا بووە و دەنگی تەقەکانی بیستووە.

ئەو دەڵێت، ئێستا دەنگی تەقە نەماوە.

964 پەیوەندی کرد بە پۆلیس، ئاسایش و قایمقامیەتی چەمچەماڵەوە، بەڵام هیچ لایەکیان بەردەست نەبوون.

بەگوێرەی چەند شایەتحاڵێک و هەندێک زانیاری پشتڕاستنەکراوە، “کوڕێکی گەنجی کەسایەتیەکی ناسراوی چەمچەماڵ بە ناوی عەبدوڵای کوێخا موبارەک لەو شەڕەتەقەیەدا کوژراوە”.

هەر بە قسەی شایەتحاڵەکان، گوایە بنەماڵەی گەنجە کوژراوەکە چوونەتە سەر ماڵی بەرامبەر و ئاگریان تێبەرداوە.

964 دەزانێت، کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی رابردوو، پار کوڕێک کە ئاسایش بووە کوژراوە، دواتر بنەماڵەکەی ماڵی عەبدوڵای کوێخا موبارەکیان بە کوشتنەکە تۆمەتبار کردووە.

پەیامنێری 964 دەڵێت، ئێستا هێزە ئەمنییەکان لە بەردەم توب عەدلی چەمچەماڵ و کوچە و بازاڕەکانی نزیک بە گەڕەکی 48ییەکان بڵاوبوونەتەوە.