کەشە باراناوییەکەی سلێمانی بە دڵی گەشتیارانە

سەردانیکاران بۆ سلێمانی دووھێندە زیادیان کردووە

964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

لە 90% ئەو کەسانەی بۆ پشووی جەژن ھاتوونە سلێمانی گەشتیاری عەرەبن، گەشتوگوزاری شارەکە دەڵێت، دووھێندە ھاتنی گەشتیار زیادی کردووە.

ئەمرۆ یەکشەممە 23.4.2023, ئارام شوانی وتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی بە 964ی وت “لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی2022 لە سلێمانی نزیکەی 250ھەزار گەشتیار سەردانیان کردووین، لە کاتێکدا لە سەرەتای سێ مانگی 2023 دا، نزیکەی 460ھەزاگەشتیار ھاتوونەتە پارێزگاکە”.

وتیشی “ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە کە نزیکەی دوو ھێندەی ساڵی رابردوو ئەمساڵ گەشتیارمان زیادی کردووە، کە ئه‌مه‌ش دڵخۆشکەرە لەسەر پشووەکانی جەژنی رەمەزان و بەدڵی ئێمەیە”.

“بەشێک لەو ھۆتێلانەی کە نرخیان گونجاوە، یان بەخواستی چینە مامناوەندییەکەی گەشتیارانن و لەسەر شەقامە گشتییەکانن، پڕبوون لەگەشیار یان ئەوەیە تاکوتەرا ژوورێکیان مابێت بۆ پڕبوون” ئارام شوانی وای وت.

لەبارەی گۆرانی کەشوھەوا و کاریگەری لەسەر ھاتنی گەشتیار، وتەبێژەکەی گەشتوگوزاری سلێمانی ئەوەی وت “بەپێی ئەوەی گەشتیارانی ئێمە زۆرینەیان لە شارەکانی عێراقەوە دێن، کەشوھەوای فێنک و باراناویان پێ خۆشە و کەشێکی خۆشی بۆ دروست کردوون”.

سلێمانی یەک ھەزار و 600 مۆڵەتی گەشتیاری ھەیە، کە لەو ژمارەیە حەوت ھۆتێلی پێنج ئەستێرەی تێدایە، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر ھۆتێل وناوچە و کابینەی گەشتیاری دیکە.
پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن