دابه‌شكردنی ئاوه‌ “لێڵ”ـه‌كه‌ی رانیه‌ ده‌ستیپێكرده‌وه‌

964+

مەجید بتوێنی – رانیە

دواى وه‌ستانى بۆ ماوه‌یه‌ك و به‌هۆی بارانبارینى ئه‌م دواییه‌، سه‌رچاوه‌ى ئاوى قوله‌ى رانیه‌ ده‌ستى به‌ دابه‌شكردنى ئاو بۆ هاوبه‌شه‌كانى كرده‌وه‌، سه‌رپه‌رشتیاری ئاوى راپه‌ڕینیش ده‌ڵێت، “لێڵی ئاوه‌كه‌ كۆتایی نه‌هاتووه‌ به‌ڵام ته‌ندروسته‌”.

بەهۆی بارینی 631 ملیمه‌تر باران لە سنوورى راپه‌ڕین، وایکرد سەرچاوەی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی قولە لە شاری رانیە بتەقێتەوە و ئاوەکەی زیادی کرد و به‌هۆیه‌وه‌ ئاوەکەی قوڕاو و لێڵ كرد، تا دوێنی دابەشکردنی ئاو له‌ سنووره‌ وەستا بوو،  بەڵام ئەمڕۆ دابەشكردنى ئاو ده‌ستیپێكرده‌وه‌.

ئاسۆ ئیبراهیم، لێپرسراوی کاروباری بیرەکانی لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی راپەڕین و سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ئاوی قولە بە 964ـی راگەیاند “ئەمڕۆ لێڵی ئاوەکە کەمتر بووه‌تەوە و دوای ئەوه‌ی نموونەی ئاوەکە لەناو پڕۆژەکە و تانکی ماڵان وەرگیرا و پشكنینه‌كان دەرچوون، ئاوەکە هیچ کێشەکی نەبوو تەندروستە بۆ خواردنەوە”.

پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی قولە کانیاوێکی سروشتییە لە ناوەڕاستی رانیە هەڵدەقوڵێت، ساڵانە ئەگەر بارانی پێویست ببارێت، دەتەقێتەوە بە رێژەیەکی زۆر سەرڕێژ دەبێت، کانیاوەکە ئاوی خواردنەوەی 65٪ هاوبەشانی ئاوی شارەکە دابین دەکات و بەبێ پاڵاوتن راستەوخۆ لە رێگەی 14  پوستەرپەمپەوە دەنێردرێت بۆ  ناو تانکی ماڵان.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن