چه‌مچه‌ماڵ هه‌ڕه‌شه‌ی دابه‌زینی بۆ پله‌ یه‌ك لەسەرە

964+
هۆگر عەدنان

لە یاریگه‌ی چەمچەماڵ حەوت گۆڵ تۆمار کرا، به‌ڵام تیپی خاوه‌ن یاریگه‌ دووچاری شكست بوو.

له‌ گه‌ڕی 26ی خولی نایابی كوردستان، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ هه‌ردوو یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ و سه‌یدسادق رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌.

دوای یارییه‌كی به‌هێز و پڕ گۆڵ، یانه‌ی سه‌یدسادق یارییه‌كه‌ی به‌ 4-3 گۆڵ برده‌وه‌.

هەرچەند گێمی یەکەمی یارییەکە، یانەی چەمچەماڵ چەند هەلێکی گۆڵکردنی لەدەست دا، به‌ڵام لە بەرژەوەندیی یانەی سەیدسادق به‌ سێ گۆڵ كۆتایی هات.

لە گێمی دووەمی یارییەکەدا یانەی سەیدسادق گۆڵێکی دیکەی کرد و یانەی چەمچەماڵی خاوەن یاریگه‌ش توانی سێ گۆڵ تۆمار بکات و گه‌ڕایه‌وه‌ كه‌شی یارییه‌كه‌، به‌ڵام له‌ كۆتاییدا سێ خاڵی یارییه‌كه‌ بۆ تیپی میوان بوو.

رێبوار خدر سەرۆکی یانەی چەمچەماڵ بە تۆڕی 964ی وت، “سێ خاڵی یارییه‌كه‌ بۆ ئێمه‌ زۆر گرنگ بوو، بەڵام ئیتر چارەنووسی یارییەکە بەم شێوەیە بوو، بەڵام هیوادارین لەم دوو یارییەی كه‌ لە خولی نایابدا ماومانە، شەش خاڵ بەدەست بهێنین چونکە هەفتەی 30ی خولەکە یانەی چەمچەماڵ چاوەڕوانە”.

وتیشی، ئامانجمانە لە خولی نایابدا بمێنینەوه‌.

ئێستادا یانەی چەمچەماڵ خاوەنی 28 خاڵە لە ریزبەندی 13ی خوله‌كه‌ و مەترسی دابەزینی لەسەرە بۆ خولی پلە یەکی کوردستان.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا