گۆزەبۆرە روناك دەكرێتەوە

+964

كوردستان ئەحمەد – هەولێر

کارەبای نیشتیمانی دەگەیەندرێتە گوندی گۆزەبۆرە لە سنوری قەزای چەمچەماڵ، بە گوژمەی ١٢٧ ملیۆن دینار.

ئەو گوندە پێشتر کارەبای نیشتیمانی نەبووە، خەڵکی گوندەکە بە مۆلیدەی خۆیان پێداویستییەکانیان جێبەجێکردووە.

وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا باس لەوەدەكات، توانیویانە ١٢٧ ملیۆن دینار بۆ رووناکكردنەوە و دابینكردنی كارەبا بۆ گوندی گۆزەبۆرە لە سنوری ناحیەی ئاغجەلەر سەر بە قەزای چەمچەماڵ  دابین بكەن.

ئەردەڵان ئەحمەد، بەڕێوبەری كارەبای چەمچەماڵ قسەی بۆ 964+ كرد و وتی، پارەی پڕۆژەكە لەسەر داهاتی كارەبای چەمچەماڵە و كۆمپانیای ژیكاڵ پڕۆژەكە جێبەجێی دەكات .

لە وێستگەی ئاغجه‌له‌رەوە بە ستون كارەبا دەگەیەندرێتە گوندەكە و ئەمڕۆ یەکشەممە دەست بە كارەكانی دەكرێت و لە ماوەی ٦٠ رۆژدا پڕۆژەكە تەواو دەكرێت، بە قسەی بەڕێوبەری كارەبای چەمچەماڵ.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی کارەبا دەڵێت، بەنیازن كارەبای نیشتیمانی بگەیەننە هەر گوندێکی دیکەش کە هێشتا پێیان نەگەیشتووە.