یاری داهاتوویان کلاسیکۆیە بەرامبەر هەولێر

یاریزانانی دهۆک بۆ یانەکەیان: موچەمان پێ نەدەن یاری ناکەین

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

77 رۆژە یاریزانانی دهۆک موچەیان وەرنەگرتووە و یاریزانەکانیش 24 کاتژمێر مۆڵەتیان بە ئیدارەی یانەکە داوە کە ئەگەر موچەکانیان بۆ خەرج نەکرێت ئەوا یاری ناکەن.

یاری داهاتووی یانەی دهۆک لە خولی نایابی عێراق بەرامبەر یانەی هەولێرە کە بە کلاسیکۆی کوردستانیش ناسراوە و بڕیارە رۆژی چوارشەممە 19.4.2023 ئەنجام بدرێت.

یاریزانانی دهۆک، 77 رۆژە موچەیان وەرنەگرتووە کە دەکاتە موچەی مانگەکانی شوبات و ئاداری رابردوو لەگەڵ 17 رۆژی ئەم مانگە.

شڤان مەحەمەد، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی وەرزشی دهۆک بۆ 964ی وتی: یاریزانانی یانەی دهۆک لە رێگای کاپتنی یانەکە داواکاری خۆیان گەیاندووە، بەڵام بڕی پارەکە زۆرە و کارگێڕی یانەکە ناتوانن ئیتر پارەکە لە ماڵەوە بێنن.

دەشڵێت: پێشتر کارگیری یانەکە موچەی مانگەکەنای رابردووی یاریزانیان لە ماڵەوە هێناوە و داویانە بە یاریزانان، بەڵام “ئەم گوژمەیە هێندە ئاسان نییە هەموو کاتێک لە ماڵەوە دابین بکرێت.

964 دەزانێت، نەک هەر یاریزانانی خولی نایابی یانەکە، بەڵکو یاریزانانی خولی نایابی کوردستانی یانەی دهۆکیش ماوەی 100 رۆژە موچەیان وەرنەگرتووە.

“دەبێت پارێزگاری دهۆک بێتە سەرخەت و ئەم کێشەیە چارەسەر بکات، چونکە ئەم بابەتە پەیوەستە بە کارگێری پارێزگای دهۆک و هیوادارین هاوکار بێت” شڤان محەمەد وادەڵێت.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق