پێش بەربانگ ئۆتۆمبێلەکەی گڕی گرت و سووتا

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

ئێوارەی ئەمرۆ یەکشەممە 16.4.2023، بە چەند خولەکێک پێش بەربانگ لە سەنتەری پارێزگای دهۆک ئۆتۆمبێلێک لە جۆرێ “سازۆکی“ مۆدێل 1990 بەهۆی بوونی کێشە لە بزوێنەرەکەی گڕی گرت و سووتا.

بێوار عەبدالعەزیز، بەرپرسی راگەیاندنی بەرگری شارستانی دهۆک بە 964ی وت، کاتژمێر 6:35 خولەک ئێمە ئاگادار کراینەوە بە رووداوێکی ئاگر کەوتنەوە لە گەڕەکی ماسیکێ لە نزیک بەنزینخانەی زادە و پڕۆژەی مێرسین تاوەرزی نیشتەجێبوون، هەر زوو تیمەکانمان گەیشتن بە شوێنی رووداوەکە و ئاگرەکە کۆنترۆل کرا .

بێوار عەبدالعەزیز، وتیشی “هۆی گرگرتنەکە دەگەڕێتەوە بۆ تەعمیر کردنی بزوێنەری ئۆتۆمبێلەکە کە شۆرتێک لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا دروستبووە و بووەتە هۆی گرگرتنی”.

بەگوێرەی زانیارییەکانی دەست 964 کەوتووە لە بەرگری شارستانی دهۆک، ئۆتۆمبیلەکە لە جۆری “سازۆکی“ مۆدیل 1990ـە و ژمارەکەشی “عێراق -سلێمانی“ـیە و خاوەنەکەشی خەڵکی دهۆکە.

بەرگری شارستانی دهۆک ئاماژەی بەوەشکرد کە خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە سەلامەتە و تەنیا زیان بە ئۆتۆمبێلەکە گەیشتووە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق