پارێزەرانی دادگا لە سلێمانی هاتنە دەنگ
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
پارێزەرانی دادگا لە سلێمانی گردبوونەوە و سەرهکۆنەی رووداوی ھێرشکردنە سەر پارێزەرەکەی ھەولێریان کرد، پارێزەرێکیش دەڵێت، دەکرێ بکەران تا حەوت ساڵ زیندانی بکرێن و قەرەبووی مادی زیانلێکەوتووش بکەنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 16.4.2023 ئاری جەزا، سەرۆکی ژووری پارێزەرانی سلێمانی بە تۆڕی 964ی وت، بە تووندی سەرکۆنەی ئەو ھێرشە دەکەین کە بەرەبەیانی رۆژی شەممە کرایەسەر پارێزەری راوێژکار محەمەد یابە، وتیشی، “دەبێت دادگا کاری جدی لەسەر ئەو ھێرشکردنە سەر ئهو پارێزەرە بکات”.
ئاماژهى بهوەش كرد، مانگرتنی سەندیکاکەمان پەیامە بۆ دەسەڵات، کە ئەوەی روویداوە مەترسییە لەسەر رێکار و رێرەوە یاساییەکان کاری پارێزەرایەتی لە نێو دادگاکاندا.
ھاوکات، شەماڵ دوکانی پارێزەر لە دادگای سلێمانی، کە بەشداری گردبوونەوەکەی کرد، بە 964ـی وت، ئەمە نیشانەیەکی خراپە روویداوە دەبێت رێگەی لێبگیرێت، وتیشی “بوونی کەسانی بەڵتەچی سوود بەکەس ناگەیەنێت.”
ئەوەشی وت، بەپێی یاسای پارێزەرایەتی ھەر پارێزەرێک لە كاتى کارکردندا رووبەرووی ھێرش ببێتەوە، تۆمەتبار ھەمان ئەو سزایە دەیگرێتەوە کە وەک ھێرشکردنە سەر دادوەرێک چەسپێندراوە، کە زیندانیکردنە لە سێ بۆ حەوت ساڵ و پارێزەرەکەش دەتوانێ داوای قەرەبووی مادی بکاتەوە.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن