
نۆرەی گرتن بۆ غاز- وێنە964+
حاجیاوا سێ ساڵە کێشەی کەمی غازی ماڵانی هەیە
964+
فەهمی نەبی
هاوڵاتیانی قەزای حاجیاوا نیگەرانن لە کەمی غازی ماڵان، بەجۆرێک ماڵ هەیە یەک مانگە بوتڵی غازی داوەتە بریکارەکان هێشتا سەرەی وەرگرتنی نەهاتووە، 964 بەدواداچوونی بۆ ئەو کێشەیە کرد.
بەپێی زانیاریەکان، نزیکەی سێ ساڵە حاجیاوا کێشەی کەمی غازی ماڵانی هەیە.
ئەزوەر جەعفەر، بەڕێوەبەری ناحیە، بۆ 964 قسەیکرد دەڵێت: لە حاجیاوا تەنیا یەک کارگەی غاز هەیە، ئەو کارگەیە نزیکەی شەش کاروانی بۆ دێت کە 9500 بوتڵ دەکات، ژمارەی دانیشتوانی حاجیاوا 16 هەزار ماڵە، ئەو بڕە بەش ناکات.بەوتەی ئەزوەر جەعفەر، ئەوان پەنایان بردووە بۆ ناحیەکانی دەوروبەر، وەکو چوارقوڕنە و بێتواتە، ئەو دوو ناحیەیە، سێ هەزار بوتڵ هاوکاریان دەکەن.
لە 23.2.2022 بڕیاری بە قەزا بوونی حاجیاوا دەرچووە، بەڵام بەڕێوەبەری ناحیە کارەکانی ئەو قەزایە رایی دەکات.
بەڕێوەبەری ناحیە لەبارەی هەوڵەکانیان بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە وتی “چەند جارێک پەنامان بردوەتە بەر قایمقامییەتی قەزای رانیە و بەڕێوەبەرایەتی سوتەمەنی سلێمانی، تەنانەت ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر خەتن، تا ئێستا نەگەیشتونەتە چارەسەر، کۆتا دیدارمان لەگەڵ قایمقامییەت لیژنەی باڵای سوتەمەنی رانیە هەفتەی رابردوو بوو، بەڵێنیان پێداوین هەزار و 500 بوتڵی دیکەمان بۆ زیاد بکەن”.
بەگوێرەی زانیاریەکانی 964 کارگەیەکی نوێی بەرهەمهێنانی غاز، لە بەڕێوەبەرایەتی گەشەپێدانی پیشەسازی سلێمانی مۆڵەتی وەرگرتووە، بەڵام هێشتا مامەڵەی کردنەوەکەی تەواو نەبووە.
ئەزوەر جەعفەر دەڵێت، ئەگەر ئەو کارگەیە مۆڵەتی پێبدرێت، حاجیاوا کێشەی غازی نامێنێت، ئومێد وایە تا هاوین ئەو کێشەیە چارەسەر ببێت.