"شەقامەكانی"
قەزایەك و سێ ناحیە رووناككرانەوە
964+
زەید کۆچەر- بەردەڕەش
بە بەهای 200 ملیۆن دینار قەزای بەردەڕەش و ناحیەكانی رۆڤیا و كەڵەك و دارەتوو رووناككرانەوە.
گڵۆپ و رووناكیەكانی شەقامە سەرەكیەكانی بەردەڕەش هەندێكیان سووتابوون هەندێكی دیكەشیان كاریان دەكرد و بەشێکیشیان وەك گڵۆپی ترافیك دادەگیرسان و دەكوژانەوە.
ئەندازیار ئەرشەد مەحەمەد، بەڕێوەبەری فەرمانگای کارەبای بەردەڕەش بە 964ی وت، جۆرێكی نوێی گڵۆپ و بلاجكتۆرمان بۆ شەقامەكان كڕیوە و بەكاریدەهێنین ئەمانە تەمەنیان درێژە و گەورەترن و روناكیان زیاترە.
تۆڕی 964 دەزانێت شەقامە سەرەكیەكانی كەڵەك و رۆڤیا و دارەتوو بەم گۆڵپە نوێیانە روناكدەكرێنەوە.
هەڵمەتەكە دەستیپێكردووە، لە 80%ی شەقامەكان تەواو بوون، بەهۆی بارانبارینەوە هەڵمەتەكە راگیرابوو، ئەمڕۆ دەستیپێكردوەتەوە.
تەنیا لە بەردەڕەش 400 بلاجكتۆر و گڵۆپی نوێ دادەنرێن و ئێستا 350 یان دانراون، لەكەڵەكیش 70 گڵۆپ و لە رۆڤیاش 40 بلاجکتۆر و لە دارەتوش 60 بلاجكتۆر دادەنرێن.
ئەم پرۆژەیە 200 ملیۆن دیناری تێچووە كە بۆ سەرجەم شەقامە سەرەكیەكانی ئەو شوێنانەیە.
پێشتر تۆڕی 964 هەواڵی لەسەر شەقامەكانی بەردەڕەش و كەڵەك و رۆڤیا بڵاوكردبوەوە، روناكی شەقامەكان باش نییە و گڵۆپەكان كارناكەن.
لە سەنتەری قەزای بەردەڕەش و ناحیەی کەلەک کارەبای بەردەوام بۆ بلاجکتۆرەکان دابین کراوە کە لە ئێوارە تا بەیانی جادەکان روناك دەبن، بەڵام لە ناحیەی رۆڤیا و دارەتوو کارەبای بەردەوام دابیننەكراوە كارەبای بەردەڕەشیش دەڵیت هەوڵی چارەسەری ئەو كێشەیە دەدەن.
پێداچوونەوە: کوردستان ئەحمەد