“دەرمانی بەهێزکردن و لاوازکردنی جەستە بە ئۆنڵاین مەکڕن”

964+

فەرمان سادق

بڕێکی زۆر دەرمانی بەهێزکردن و لاوازکردنی جەستە دەستی بەسەردا دەگیردرێت، قایمقامیەتی سلێمانیش داوا لە هاوڵاتیان دەکات هیچ جۆرە دەرمانێک بە ئۆنڵاین مەکرڕن.

ئەمڕۆ سێشەممە 11.4.2023، لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بڕێکی زۆری دەرمانی بەهێزکردن و لاوازکردنی جەستەیان دەستبەسەردا گرت، ئەو دەرمانانە لە رێگەی پەیج و ئەکاونتەکان و بەشێوەی ئۆنلاین بەهاوڵاتیان فرۆشراون.

دکتۆر هاڤێڵ ئازاد، سەرۆکی لیژنەی هاوبەشی تەندروستی دەڵێت: لەگەڵ ئەوەی بەشێکی زۆری ئەو دەرمانانەی بەشێوەی ئۆنلاین بە خانمان دەفرۆشرێت، پێکهاتەکەیان دیار نییە و کەس نازانێت لەچی دروستکراون و بەشێکی دیکەیان بەسەرچوون و دەستکاری لێبڵەکانیان کراوە و ماوەی بەکارهێنانیان درێژکراوەتەوە.

ئەو دەرمانانەی دەستیانبەسەردا گیراوە، بە فەرمانی قایمقامیەتی سلێمانی لەناوبراون.

دکتۆر هاڤێڵ ئازاد دەشڵێت: بەشێکی دیکەی ئەو جۆرە دەرمانانە ساختەکراون بۆیە داوا لەهاوڵاتیان بە گشتی و خانمان بەتایبەتی دەکەین لەو پەیج و ئەکاونتانە هیچ جۆرە دەرمانێک نەکڕن و بەکاری نەهێنن.