" پێنج ساڵ جارێك دەستكاری دەكرێت"

هەشت رێنمایی نوێ بۆ بەكرێدانی موڵكەكانی دەوڵەت بڵاوكرایەوە

 964+

كوردستان ئەحمەد

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەشت رێنمایی نوێی بۆ بەكرێدانی موڵک و ماڵی دەوڵەتی بڵاوكردەوە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: بۆ بەكرێدانی موڵك و ماڵی دەوڵەت، حكومەتی هەرێمی كوردستان پێنج ساڵ جارێك پێداوچونەوە بە موڵكەکانی دەوڵەتدا دەكات.

یاسای بەكرێدانی موڵك و ماڵی دەوڵەت لە هەرێمی كوردستان پێی دەوترێت (بانەوانی).

بانەوانی، مەبەست لێی بەکرێدانی موڵك ماڵی دەوڵەتە كە لەژێر دەستی وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دایە.

ئەمانەی خوارەوە رێنماییە نوێیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەکرێدانی موڵکەکانی:

یەكەم: پێویستە هەر پێنج ساڵ جارێك خوێندنەوە بۆ یاسایی بانەوانی بكرێت و گۆڕانكاریی تێدابكرێت.
دووەم: پێویستە رێنماییەكان لەشێوازی نوێ بە ڕەچاوكرنی خاڵی یەكەم جێبەجێبكرێت.
سێیەم: پێداچونەوە بەبڕی ساڵانەی موڵكانەكاندا دەكرێت.
چوارەم: دەبێت رەچاوی داهاتی گشتی بكرێت لە كاتی بەدواداچوونەكاندا.
پێنجەم: پێداچوونەوەكان بە بنبڕ تەماشاناكرێن.
شەشەم: دەسەڵاتی جێبەجێكار دەتوانێت  دوای پێداچونەوە لە بڕیارەكە بكات.
حەوتەم: پێویستە فەرمانگەی پەیوەندیدار ئاگادار بكرێتەوە لە بەكرێدانی موڵكانەكە.
هەشتەم: پێویستە سەرجەم رێنماییەكان وەك خۆیی جێبەجێبكرێت لە كاتی بەكرێدانی موڵكانەدا.