گوێدرێژەکەی سۆران بێ چارە ماوەتەوە
+964
ئاسۆ وەرتی – سۆران
بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری سۆران دەڵێت، چارەسەری گوێدرێژە شەلەکە لای ئەوان دەستناکەوێت، چونکە کەرەستەکانی چارەسەریان لا نییە.
هەینی رابردوو، 964 ڤیدیۆی گوێدرێژێکی بڵاوکردەوە و تیایدا، ئەو ئاژەڵە لەسەر شەقامێکی گەڕەکی ئەسقەڵای قەزای سۆران بە زەحمەت خەریکی هەنگاونانە.
964 داوای کردبوو هەر لایەنێک دەیەوێت بە هانای گوێدرێژەکە بچێت ئەوا زانیاری تەواوی لەبارەیەوە پێدەدات.
دوابەدوای ئەوە، دکتۆر سەیدەوان عومەر بەڕێوەبەری بنکەی ڤێتەرنەری سۆران دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد لەسەر گوێدرێژەکە، چووەتە تەماشاکردنی و پشکنینی بۆ کردووە، بە قسەی خۆی.
ئەو بە 964ی وت، “بەداخەوە گوێدرێژەکە ماوەیەکی زۆرە قاچی لەجێچووە، وای لێهاتووە قاچی رەق بووە، ناتوانین چارەسەری بکەین، دەبێت لە شوێنێکی تایبەت چارەسەر وەربگرێت بۆ ماوەیەکی درێژ”.
دکتۆر سەیدەوان پێی وایە ئەگەر کەسێک یان لایەنێک خۆی بۆ تەرخان بکات، چارەسەری هەیە، بەڵام ئەوان پێیان ناکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی 964، گوێدرێژەکە ماوەی چوار ساڵە بەو ئازارەوە ژیان دەکات.
پێداچوونەوە: هێمن بەکر