هەفتەی داهاتوو کلاسیکۆی کورستانە
هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆی یەکسان بوو
964+
فەرمان سادق
یانەی هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆی نەیتوانی پارێزگاری لە ئەنجامی گێمی یەکەم بکات و بەرامبەر یانەی حدود یەکسان بوو.
یارییەکە لە چوارچێوەی گەڕی 23ـی خولی نایابی عێراق بوو، یانەی هەولێر بە 29 خاڵ لە ریزبەندی 13 دایە، دوای سێ سەرکەوتنی بەدوای یەکدا بووە میوانی یانەی حدود کە 32 خاڵ لە ریزبەندی 11 دایە.
یاریزانی ئۆگەندی، ئیمانوێل ئۆکوێ لە خولەکی 21ـی گێمی یەکەمی یارییەکەدا یانەی هەولێری پێشخست، بەڵام یانەی حدود لە خولەکی 76ـی گێمی دووەم لە رێگای یاریزان سەیف کازم توانی گۆڵی بەرامبەر تۆمار بکات و یارییەکە یەکسان بکاتەوە.
مستەفا مەحمود، یەکەم دەرفەتی یانەی حدودی لەدەستدا، دواتریش شێرکۆ کەریم بە لێدانێکی بەهێز وەڵامی دایەوە، پاشانیش ئیمانوێل یانەی هەولێری پێشخست.
لە گێمی دووەمدا عادل نەعمە راهێنەری یانەی حدود چەند گۆڕانکارییەکی ئەنجامدا و بەمەش مەترسی خستەسەر گۆڵی یانەی هەولێر.
لە هەڵەیەکی رێباز عەبدوڵای گۆڵپارێزی یانەی هەولێر لە خولەکی 76ـی یارییەکەدا، یاریزان سەیف کازم کە وەک یەدەگ هاتە ناو یاریگا، توانی بە لێدانێکی سەر بە ئاسانی گۆڵی یەکسانبوون بۆ یانەی حدود تۆمار بکات.
هەفتەی داهاتوو لە 19.4.2023، یانەی هەولێر لەسەر یاریگای خۆی میوانداری یانەی دهۆکی ریزبەندی پلە شەش دەکات کە بە کلاسیکۆی کوردستان ناسراوە.