چاوەڕێی پترۆ دۆلارە
پرۆژەیەکی تەواونەکراوی هەڵەبجە خەڵکەکەی هەراسان کردووە
964+
محەمەد عومەر -هەڵەبجە
پڕۆژەیەکی تەواونەکراوی ئاوەڕۆ، كە دەکەوێتە سەر رێگهی گوندی جەلیلە و یهكەی نیشتەجێبونی پڕۆژەی گۆران سیتی لە هەڵەبجە، به قسهی دانیشتووانی ناوچەکە بۆنێكی زۆر پیسی ههیه و بێزاری كردوون.
تۆڕی 964 دهزانێت، لهوهتهی ساڵی 2013ـهوه كاركردن له پڕۆژەکە وهستاوه و تەواو نەکراوە، ئێستاش بۆنێکی ناخۆشی هەیە و لە کاتی بارانباریندا ئاستەنگ بۆ شۆفێران دروست دەکات و بووەتە مەترسی بۆ شۆفێران و دانیشتووانی ناوچەکە.
سەید حەکیم سەید نەجیم سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە بە تۆڕی 964ی راگەیاند، “بەهۆی ئەوەی بودجەی پڕۆژەکە لە بودجەی پترۆ دۆلار تەرخان کراوە و سەرجەم پڕۆژەکانی پترۆ دۆلار لە ساڵی 2013ـهوه وەستاون، ئەم پڕۆژەش یەکێکە پرۆژە وەستاوەکانی سنووری پارێزگای هەڵهبجە”.
وتیشی، ئێستادا چاوەڕێی ئهنجامی رێکەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراقن، کە وەک ساڵانی 2012 و پێشتر بودجەی پترۆدۆلار دەستپێبکاتەوە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە و سەرجەم پرۆژە تەواونەکراوەکان.
پڕۆژەی ئاوەڕۆکە، ئهگهر تهواو بكرێت، بە شێوەی سندوقی داخراو دەبێت و پاش ئەوەی کە سەری مەنهۆڵەکە دادهخرێت، دهبێت بە پردێکیش و هاوكات بۆنی ئاوەڕۆکە ناهێلێت، ههروهها کارئاسانیش بۆ شۆفێران دەکات.
پێداچوونهوه: ئهرسهلان عهبدوڵا