بێکاری بووەتە هەڕەشە بەسەر چۆڵبوونی قەزای باتیفا

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

لەبەر بێکاری و کەمی خزمەتگوری خەڵکی قەزای باتیفا شارەکە بەجێدەهێڵن و روو لە زاخۆ دەکەن و قایمقامی قەزایەکەش دەڵێت، کار دەکەین بۆ ئەوەی گەنجەکان شارەکەیان جێ نەهێڵن،

باتوفا، قەزایەکی سەر بە ئیدارەی سەربەخوی زاخۆیە، دوو ناحیەی گەورە هەیە ئەوانیش دەرکار و بێگوڤا دەکەوێتە رۆژهەلاتی زاخۆ و ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 30 هەزار کەس دەبێت.

بەپێی بەدواداچوونێکی 964، لەم دواییەدا خەڵکێکی زۆری قەزای باتوفا شارەکەیان جێدەهێڵن و روو لە وڵاتانی ئەوروپا یان زاخۆ دەکەن.

خەڵک هەبووە تێچووی دروستکردنی خانووەکەی 120 هەزار دولار بووە، ئێستا بە شەش دەفتەر فرۆشتووە بۆ ئەوەی لە شوێنێک نیشتەجێ ببێت کە کاری تێدا بێت.

خورشید گوللی، چالاکوانێکی دیاری قەزاکەیە بۆ 964 قسەی لەسەر دۆخەکە کردووە و دەڵێت: ژیان لێرە هەر نەماوە، هەموو روژەکانمان وەک یەکن، گەنجەکانمان زۆربەیان بێکارن و لەبەر نەبوونی دەرفەتی کار بە ناچاری روو لە زاخۆ یان دهۆک دەکەن.

دیندار باتیفی، خاوەن نوسینگەی کڕین و فروشتنی خانووە و بۆ 964 وتی: زوربەی خانووەکانی لای ئێمە تۆمار کراوە بۆ فروشتنن نەک کڕین، ئەمەش بووەتە کێشەیەکی گەورە.

زیاتر دەشڵێت: نەبوونی خزمەتگوزاری و دەرفەتی کار بۆ گەنجان دوو دیارترین هۆکارن کە وایکردووە زۆرینەی خەڵکەکەی بیر لە جێهێشتنی باتیفا بکەنەوە، ئەوانەشی لێرە ماونەتەوە زۆرینەیان بە ناچاری ماونەتەوە نەک بە حەزی خویان.

لەبارەی گرفت و کێشەکانی قەزای باتیفا، فەرهاد مەحمود قایمقامی قەزای باتوفا بۆ 964 وتی: نەبوونی کار کێشەیەکی گشتییە و هەر پارێزگا و قەزایەک بەقەد قەبارەکەی خۆی ئەو کێشەکەی، بێگومان ئێمەش بێبەش نابین لەم کێشەیە.

“ناوچەکەمان زیاتر بە کشتوکاڵ بەناوبانگە، بەڵام هەر کار دەکەین بۆ ئەوەی گەنجەکانمان لە قەزای خۆیان کار بکەن و دەرنەچن. بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ UN هەماهەنگیمان کردبوو، سێ هەفتەی دیکە کارگەیەکی میوە لێرە دادەمەزرێت و چەندین گەنج هەلی کاریان دەبێت”. قایمقامی قەزای باتیفا، ئەوەشی خستەڕوو کە لە ساڵی رابردووەوە بەبڕی 11 ملیار دینار پڕۆژەی جۆراوجۆر لە قەزای باتوفا ئەنجامدراون، ئەمساڵەش بەبڕی 17 ملیار دینار، لە هەوڵی ئەوەداین زیاتر قەزاکەمان بەرەو پێش ببەین.

هاوکات ئەوەش رەتدەکاتەوە کە قەزای باتیفا لەلایەن ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ پشتگوێ خرابێت، بۆ ئەمەش دامەزراندنی 150 گەنج دەکاتە بەڵگەی وەڵامەکەی کە “بەمدواییە داوامان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کردووە و ئەوانیش راستەوخۆ داوایەکەیان جێبەجێ کرد”.

باتیفا لە 28.7.2021 بووەتە بە قەزا سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق