سەنتەری فێرکاری راستکردنەوەی ددان پێویستی بە راستکردنەوەیە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

بە هۆی کەموکوڕییەوە، تا ئێستا تەندروستی سلێمانی سەنتەری راستکردنەوەی ددانی فێرکاری بە شێوەی فەرمی وەرنەگرتووە و نووسراویان بۆ وەبەرهێنان کردووە، تا کۆتایی ئەم مانگە کێشەکانی چاک بکرێن.

سەنتەرەکە کەوتووەتە ناو پڕۆژەی گۆیژە سیتیی سێ لە شاری سلێمانی و لە لایەن کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکەشەوە دروست کراوە، دەبێت کۆتایی مانگی نیسان بە فەرمی رادەستی تەندروستی سلێمانی بکرێت.

بینای سەنتەرەکە لە رووکاری دەرەوە و چواردەوریدا هەندێ کاری ماوە بۆی بکرێت، لە ناویشەوە هەندێ کێشەی ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبای هەیە و کۆمپانیاکە وازی لێهێناوە.

قسەکەرێک لە تەندروستی سلێمانی، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە تۆڕی 964ـی وت، “تەندروستی سلێمانی نووسراوی کردووە بۆ وەبەرهێنان تا کۆمپانیای جێبەجێکار کەموکڕییەکان چاک بکات و کۆتایی مانگی نیسان بە فەرمی سەنتەرەکە وەربگیرێت”.

تۆڕی 964 ئەوەی ساغکردووەتەوە، ئێستا دەوامی فەرمی لە سەنتەرەکەدا دەکرێت.

ئیسماعیل عەلی، ئەندامی لیژنەی پلان و پڕۆژەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی 964ـی راگەیاند، سەنتەرەکە هەندێ کێشەی هەیە و پێویستە کۆمپانیاکە چاکی بکات.