خۆبه‌خشێك لە کاتی پڕکردنەوەی چاڵی رێگایەک سوتا
964+
ژێوار خدر – راپەڕین
خالید مستەفا، کارمەندی ئاسایشی راپەڕینە، لە شارەدێی بۆسکین لە کاتی پڕکردنەوەی بەشێک لە چاڵ و قۆرتی سەر رێگایەکی گشتی، ده‌به‌ى غاز پێیدا ده‌ته‌قێته‌وه و جه‌سته‌ى ده‌سوتێت.
محەمەد خالید کوڕی ئەو هاوڵاتیە بە 964ـی وت، كه باوكى لە بنکەی ئاسایشی بۆسکین دەوام دەکات، وتیشی “چەند رۆژێک له‌مه‌وبەر، بەهۆی خراپی ئه‌و رێگایەوە ئۆتۆمۆبێلێک تایه‌ی ده‌ته‌قێت، باوكیشم له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوپیشه‌یه‌كی لە پێناو رێگریکردن لە رووداوى هاتوچۆ وه‌ك خۆبه‌خشێك ئه‌و كاره ده‌كه‌ن”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، له‌كاتى پڕکردنەوەی چاڵ و چۆڵی رێگاکە، دەبەی گاز پێدا دەتەقێتەوە و به رێژەی 37% جەستەی دەسوتێت.
محەمەد خالید لە رێگەی 964ەوە داوای لەلایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە هاوکاری باوکی بکەن هەم لە رێگەی پێدانی مۆڵەتی تەندروستی و هەم لە رووی ماددیەوە.
964 پەیوەندی بە بەختیار ئەحمەد بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی چاکكردن و پاراستنی رێگاوبانی راپەڕین کرد و رایگه‌یاند، كه ئاگاداری ئەو بابەتە نین و هیچ کەسێک مۆڵەتی لەوان وەرنەگرتووە بۆ ئه‌و كاره.
وتیشی “لە بەرنامەیاندایە ئەو رێگایە نۆژەنبکەینەوە، بەڵام چاوەڕێی پارەی نەختینەین لە بانکەکاندا بۆمان سەرف بکرێت.”
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن