دوو رۆژە نزیکەی 150 خێزان لەگەڕەکێکی ئاکرێ کارەبای مۆلیدەیان نییە
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
دوو رۆژە مۆلیدەی گەڕەکی “نێرگز لاند” لە سەنتەری قەزای ئاکرێ خراپ بووه، لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکانیش لە قایمقامیەتی ئاکرێ سێ مۆلیدەی سزاداوه بە هۆی درەنگ هەڵکردنی مۆلیدەوە.
گەڕەکی “نێرگز لاند” دەکەوێتە سەنتەری شاری ئاکرێ، نزیکەی 375 خێزان لەو گەڕەکە دەژین، دوو مۆلیدە لەو گەڕەکەدان، تەنیا مۆلیدەیەک ئیش دەکات و نیوەی گەڕەکەکە بێکارەبان.
وەلید ئەحمەد، نیشتەجێی گەڕەکی “نێرگز لاند” بە 964ی وت، “دوو رۆژە کارەبای مۆلیدەمان نییە، قەسەم بەخوا ئەمڕۆ بۆ خواردنی بەربانگ رۆشتوومەتەلای هاوڕێیەکم، چونکە کارەبامان نەبوو، دوێنێ لە کاتی پارشێو لەبەر چرا پارشێومان کردووە، ئەمە جاری یەکەم نیە دەیان جارە موەلیدەی گەرەکی “نێرگزلاند” خراپ دەبێت و بێ کارەبا دەبین”.
دەشڵێت، هەموو سەری مانگێکیش پارەی تەواویان لێوەردەگرن بەم رەمەزانە چۆن دەبێت ئاوا بێکارەبابن.
سەباح شوکری، ئەندامی لیژنەی سووتەمەنی لە قایمقامیەتی قەزای ئاکرێ بە 964ی وت” یەکێک لە مۆلیدەکانی گەڕەکی “نێرگز لاند” دوو رۆژە خراپ بووە و تا ئێستا خاوەنەکەی چاکی نەکردووەتەوه، ئەوان بە بڕی 500 هەزار دینار سزایان داوە، هەروەها دوو مۆلیدەی تر بە هۆی درەنگ ئیشپێکردنەوە هەریەکێکیان بە بڕی 250 هەزار دینار سزایان داوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی