“زیندانییەکان لە ناو سجن مادەی هۆشبەریان بۆ دەبرێتە ژوورەوە”

964+

ئاودێر عومەر – سلێمانی

لە ماوەکانی رابردوو بەقسەی لیژنەکانی پەرلەمان و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی باس دەکرا مادەی هۆشبەر دەبرێتە نێو زیندانەکان و دەست سزادراوەکان دەکەوێت.

هاوکات بە بڕیارێک لەلایەن وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم، بڕیار درا بەهەموو جۆرێک دەبێت ڕێگری بکرێت لەوەی مادەی هۆشبەر دزەبکاتە ناو چاکسازییەکانەوە.

گوڵستان سەعید، جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکی کاری مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان بە 964ی وت،  “ئێمە دەزانین کە لەچاکسازییەکان بازرگانی یان بەکارهێنانی مادەی هۆشبەرهەیە، چەند جارێک سەردانی چاکسازیەکانی هەولێر و سلێمانیمان کردووە لە سەرەتادا زۆر بەربڵاو بوو بەڵام لەئێستادا ڕێگاکان ئاستەنگیان بۆ دروست کراوە لە چونە ژورەوەی ئەو مادانە”.

وتیشی، بەڵام نەتوانراوە بنبڕبکرێت لەبەر ئەوەی ڕێگا زۆرە بۆ بردنی مادەی هۆشبەر بۆ ناو چاکسازییەکان، سەرەڕای ئەوەی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بڕیاری بە تەواوی ڕێگری کردنی لەبردنی مادەی هۆشبەری بۆ چاکسازیەکان دەرکرد، “ئەتوانم بڵێم وەک پێویست جێبەجێ نەکراوە لەبەرئەوەی هاریکاری و هەماهەنگی هەیە لە بردنە ژورەوەی چونکە مادەی هۆشبەر بازرگانی گرانبەهان بۆیە هاوکاری بڕیارەکە نیە”.

گوڵستان سەعید دەشڵێت، “لە ئاسایشی گشتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر و سلێمانی ڕاپرسییەکم کرد ڕێژەی لە 80٪ بەرەوسەر ئەوانەی دەستگیرکرابوون بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر یان بازرگانی مادەکە بوو”.

“ئەم بابەتە مەترسییە لەسەر کۆمەڵگاکەمان ئەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا بکات، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیش چاودێری بڕیارەکە بێت و بتوانێت ئەم دیاردەیە کەمتر ببێتەوە” گوڵستان سەعید وادەڵێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی