لە رانیە

ئۆتیزم له‌هه‌ڵكشانه‌ و سه‌نته‌رى تایبه‌تیشی نیه‌

964+

مەجید بتوێنی – رانیە

له‌ رانیە، ژماره‌ى تووشبوانى ئۆتیزم ساڵ له‌دواى ساڵ له‌هه‌ڵكشاندایه‌، تا ئێستاش سه‌نته‌رێكى تایبه‌ت به‌و نه‌خۆشییه‌ نیه‌، سه‌نته‌رێكی راهێنانیش ده‌ڵێت، له‌به‌ر بێ شوێنى نه‌خۆشه‌كان ده‌نێرین بۆ شوێنە ئەهلییەکان.

ئەمڕۆ 2ـى نیسان، رۆژی جیهانی ئۆتیزمە، بۆیه‌كه‌مجارلە ساڵی 2008 بە بڕیاری رێکخراوی مافی مرۆڤ ئه‌و رۆژه‌ ده‌ستنیشان كرا.

به‌پێی ڕاپۆرتە پزیشکییەکان، نیشانەکانی ئۆتیزم بەگشتی لەتەمەنی دوو بۆ سێ ساڵی لە منداڵدا هەستی پێدەکرێت، بەپێی توێژینەوە تەندروستییەکانیش ئۆتیزم نەخۆشییەکی ئاڵۆزی مێشکە و بەهۆی کێشەیەکی کۆئەندامی دەمار دروست دەبێت.

رێکخراوی هەتوان لە شاری رانیەی ئیدارەی راپەڕین لەژێر دروشمی (خۆشەویستی، هیوا، پاڵپشتی ) کۆمەڵێک چالاکی جۆراوجۆری بۆ ئه‌م رۆژه‌ ئەنجامدا.

فریاد عەلی سەرۆکی رێکخراوەکە بە 965ـى راگەیاند، لە 10 ساڵی رابردودا تا ئێستا ژمارەی نەخۆشانی ئۆتیزم لە قەزای رانیە لە 20 نەخۆشەوە بەرزبۆتەوە بۆ 205 نەخۆش، وتیشی “بەشێک لە دایک و باوکان خانوەکانیان فرۆشتووه‌ چوونه‌ته‌ هەولێر و سلێمانی تا نەخۆشەکانیان بنێرنە سەنتەرەکان”.

بەرزبوونەوەی ئامارەکان لەقەزای رانیە لەکاتێکدایە لە سنورەکە تەتها سەنتەری ڕاهێنانی پێشەوەختەی راوێژکاری هەیە، سەر بە پەروەردەی رانیە

عەباس رەسوڵ بەڕێوەبەری سەنتەرەکە به‌ 964ـى وت “بەگشتی نەخۆشیەکە زۆرە، بەڵام لەبەر بچوکی و کۆنی بیناو کەمی کارمەند ناتوانن ژمارەیەکی زۆری نەخۆشانی ئۆتیزم وەربگرن، ئەوان لەئێستادا پێنج نەخۆشیان لایە بە ناچاری دەبێت ببرێن بۆ شوێنە ئەهلییەکان”.

ئاماری ئەم نەخۆشییە بە گشتی لە پارێزگای سلێمانی رووی لە بەرزبوونەوەیە، بەپێی ئامارێکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان تا ئێستا 920 هاوڵاتی کە نەخۆشی ئۆتیزمیان هەیە تۆمارکراون و ژمارەیەکی زۆریش تۆمار نەکراون.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن