وێنە: ماڵپەڕی پارێزگای کەربەلا
وەزارەتی کشتوکاڵ: توانای ئەوەمان نییە پەینی کیمیایی بۆ جوتیاران دابین بکەین
964+
فەهمی نەبی
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم رایدەگەیەنێت، ئەوان لە توانایاندا نییە پەینی کیمیایی بۆ جوتیاران دابین بکەن، ئەمە لە کاتێکدایە لەماوەی یەک مانگدا 30 هەزار تۆن پەینی کیمیایی گەیشتۆتە کۆگاکانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و نازانرێت بەشی هەرێمی لێ دەدرێت یان نا.
ئەمڕۆ 1.4.2023 وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، لە مانگی ئادار 30 هەزار تۆن پەینی کیمیاییان گواستۆتە بۆ کۆگاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، بەوتەی وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم بێت، هێشتا دڵنیانین لەوەی هەرێم بەشی لەو پەینە دەبێت.
ئەو پەینەی گەیشتۆتە مەخزەنەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ لە جۆری قڕکەر و یۆریایان و لەرێگەی کەشتیەوە گەیشتۆتە کەناراوەکانی شاری بەسڕە.
لەمەوبەر وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاندبوو، پلانیان هەیە لەساڵی 2023 بۆ هەموو عێراق 250 هەزار تۆن پەینی کیمیایی بەسەر جوتیاران دابەشبکەن.
هیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، بۆ 964 وتی “وەزارەتی کشتوکاڵ پەینی کیمیایی بەسەر جوتیاران دابەشناکات، داوامان لە ئەنجومەنی وەزیران کردووە، بودجەی پاڵپشتی جوتیاران بگەڕێنێتەوە، بەر لە دەستپێکردنی قەیرانی دارایی ئەو بودجەیە هەبوو، %40 بۆ %50 بەنرخی کەمتر لە بازاڕ پەینمان دەدایە جوتیار”.
بە وتەی هیوا عەلی، وەزارەتی کشتوکاڵ دەرخستەیەکی داوەتە ئەنجومەنی وەزیران، بۆ کەمکردنەوەی نرخی پەینی کیمیایی، داوامان کردووە لێخۆشبوونی گومرگی بۆ هێنانی پەینی کیمیایی هەبێت، بەڵام ئەمەش نەکراوە، تا ئێستا رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران نییە.
بەگوێرەی هەواڵەکەی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئەو 30 هەزار تۆن پەینە کیمیاییە بە 620 بارهەڵگر گواستراونەتەوە و بەسەر هەموو عێراق دابەشدەکرێت، بەڵام وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم دڵنیا نییە لەوەی هەرێم بەشی لەو پەینە دەبێت.