شایەتحاڵێک: رەنگە بە ملیار زەرەر بەر کارگەکە کەوتبێ
“کارگەی چپسەکە غازی ئێڵ پی جی تێدابوو، بتەقیایە کارەسات دەقەوما”
رێباز یونس – هەولێر
ئەو ئاگرەی لە کارگەی چپسی بەحرەکە کەوتەوە، کۆنتڕۆڵ کراوە و تیمەکانی بەرگری شارستانی سەرقاڵی سارد کردنەوەی شوێنەکەن.
شاخەوان سەعید وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە 964ـی وت، “کاتژمێر 3:50 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ ئاگادارکراینەوە لەوەی کە کارگەیەکی دروستکردنی چپس ئاگری گرتووە، لەبەر قەرەباڵغی و لەبەر ئەوەی شوێنەکە منداڵ و گەنجێکی زۆری لێیە، ئاستەنگی زۆرمان بۆ دروستبوو، ئەگینا هەر خولەکەکانی سەرەتا دەمانتوانی ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەین”.
ئاماژەی بەوەشکرد، کارگەکە غازی ئێڵ پیجی تێدابووە و زوو فریای کەتوون، خۆ ئەگەر بتەقیایەوە کارەسات دەقەوما.
زوبێر فازاڵ شایەتحاڵی رووداوەکەش دەڵێت، “خاوەنەکەی لێرە نەبوو من بە تەلەفۆن ئاگادارم کردەوە، کارگەکەش گەورەیە و رەنگە بە ملیارێک زەرەر هاتبێ”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری