خۆی لە بیرکردووە
چیرۆکی ژنێک کە ژیانی خۆی کردە قوربانیی و خزمەتکردنی براکەی
دەریا ئەحمەد – کۆیە
هەندێک چیرۆک هەن کە تەنیا باسکردنیان دڵ دەشکێنن، چیرۆکی ئەو ژنانەی کە لە نێوان خەونەکانی خۆیان و بەرپرسیارێتیی خێزاندا، خەونەکانیان بەجێ هێشتووە تا کەسێکی دیکە تەنیا نەهێڵن.
حەلیمە ڕەزا یەکێکە لەو ژنانە، ژنێک کە نزیکەی 55 ساڵە، بەڵام هێشتا بەهۆی زامەکانی ڕرابردووەوە خەونی ژیانی خۆی دواخستووە و خزمەتی براکەی دەکات.
حەلیمە و براکەی عێزەدین ڕەزا، دوو ئەندامی ماوەی خێزانێکن کە ڕۆژگار و کارەساتەکانی ئەنفال سێ برای دیکەی لێ سەندوون.
حەلیمە تاقانەیە و لەبری ئەوەی ژیانی هاوبەش و خێزانی خۆی پێکبهێنێت، ساڵانێکی زۆری ژیانی تەرخان کردووە بۆ خزمەتکردنی براکەی کە بەهۆی لەدەستدانی براکانی دۆخی دەروونی تێکچووە.
حەلیمە، لە باسکردنی چیرۆکی ژیانی خۆیدا بۆ 964 دەڵێت، ئێمە خێزانێکی 7 کەسی بووین، من تاقانە بووم و چوار برام هەبوو، برا گەورەکەم دوو ساڵ پێش ئەنفال شەهید بوو، دوو براکەی تریشم کە یەکێکیان تەمەنی زۆر بچووک بوو بۆ پێشمەرگایەتی، بەڵام لەگەڵ براکەی تریدا وەک هێزی پشتیوانی کاریان دەکرد.
بەڵام کارەساتەکە لەوێ کۆتایی نەها، حەلیمە دەگێڕێتەوە کە پێنج رۆژ دوای ئەنفال، دوو براکەی لە دەوروبەری گوندی شەوگێڕ لە کۆیە بەدیل گیران و شەوەکەی لەسەر هێلکۆپتەرەوە فڕێدراونەتە خوارەوە.
بەهۆی ترسیان لە رژێم، ئەو دەڵێ، نەمانتوانی تەرمی براکانمان هەڵگرینەوە، تەنیا کەمێک خۆڵمان بەسەردا کردبوون، دوای ئەنفال گەڕاینەوە و تەرمەکانمان هەڵگرتنەوە، لە رۆژی بەخاکسپاردنیاندا، کاتێک برا بچووکەکەمان تەرمی دوو براکەی بینی کە تەنیا چەند ئێسک و پروسکێک بوون، گۆڕستانەکەی جێهێشت و رۆیشت، لەو کاتەوە دۆخی دەروونی تێکچووە و هەرگیز نەگەڕاوەتەوە ئەو گۆڕستانە.
ئەو رووداوە بووە خاڵی وەرچەرخان لە ژیانی حەلیمەشدا، ژنێک کە دەیتوانی هاوسەرگیری بکات و خێزانی خۆی پێکبهێنێت، بەڵام بەرپرسیارێتیی خزمەتکردنی براکەی بووە بە بەشێکی هەمیشەیی لە ژیانی.
حەلیمە بە دڵێکی پڕ لە خەم دەڵێت، ئەگەر ئەو برايانەم لە ژیاندا مابانایە، خاوەنی ماڵ و منداڵی خۆیان دەبوون، دایک و باوکیشم بەخێویان دەکردن، منیش شووم دەکرد و دەچوومە ماڵی خۆم، ئێستا کە چەندین نەخۆشیم هەیە، بەو حاڵەوە نەدەژیام و منداڵەکانم بەخێویان دەکردم.
بەڵام لە پشت ئەم هەموو خەم و ئازارەوە، هەستێکی دیکەش لە دڵی حەلیمەدا هەیە، ئاسوودەیی بەهۆی ئەوەی تا دوا ساتەکانی ژیانی دایک و باوکی خزمەت کردووە و ئێستاش براکەی بە تەنیا نەهێشتووە.
دەڵێت، ئەو تەنیا کەسمە، هەرگیز دڵم نەهاتووە لێی تووڕە بم، خۆشی کەسێکی بێ کێشەیە، براکەی زۆر حەزی لە کڕین و کۆکردنەوەی جلی کوردی و جلی سەربازییە؛ حەلیمە پێی وایە ئەم حەزەی لە خۆشەویستییەوە بۆ ئەو برا پێشمەرگانەی دەگەڕێتەوە کە لەدەستیان داوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا