رەنگەکەى دەگۆڕن
زاخاوى زێڕ بۆ زاخاوى مێشک باشە
رازاو محەمەد – سلێمانى
لە ناو کوردەواریدا زۆرجار بیستوومانە دەڵێن،”فڵانە شت بۆ زاخاوی مێشک باشە”، بەڵام رەنگە هەموومان نەزانین کە ئەم دەستەواژە لە بنەڕەتدا لە ناو دووکانی زێڕنگەر و پیشەوەرە کۆنەکانەوە هاتووەتە ناو زمانمانەوە.
لە رابردوودا کاتێک ئاڵتوون یان کانزایەک بە تێپەڕبوونی کات رەونەقی خۆی لەدەست دەدا، زێڕنگەران دەیانخستە ناو گیراوەی “زاخاو”ـەوە تا تۆز و چڵکی ساڵانی پێشووى لێ ببێتەوە و وەک رۆژی یەکەم بدرەوشێتەوە، بەمەش وتراوە زاخاوى زێڕ.
هەرچەندە پیشەکە کۆنە، بەڵام تا ئەمڕۆ بەردەوامە، کاوان حەمە کە لە ساڵی 1998ـەوە پیشەی زاخاوکردن دەکات، یەکێکە لەو وەستایانەی رۆژانە رەونەق و رەنگی نوێ بە خشڵی خەڵک دەبەخشێت.
ئەو دەڵێت رەنگی ئاڵتوون بەپێی خواستی هاووڵاتییان دەگۆڕێت، بەتایبەتیش ئەو کەسانەی هاوسەرگیری دەکەن، چونکە هەندێکیان حەزیان لە رەنگی زەردی باوی ئاڵتوون نییە و داوا دەکەن ئەڵقەی هاوسەرگیرییەکەیان بۆ سپی بکرێتەوە.
بە وتەی کاوان، ئەم پرۆسەی گۆڕینی رەنگە هەر وا بە سادەیی ناکرێت، بەڵکو بە زیوی عەیار 24 و لە رێگەی ئامێری تایبەتەوە ئەنجام دەدرێت، تاکو ئاڵتوونە زەردەکە بە تەواوی ببێتە سپی، یان ئەگەر خاوەنەکەی بیەوێت، رەنگە سپییەکەی بۆ بگەڕێتەوە بۆ زەرد. بەم شێوەیە، هەر پارچە ئاڵتوونێک دوای زاخاوکردنەوە، رەونەقێکى جوان وەردەگرێ.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح