هەمووتان وەرنە هەولێر

ئەگەر مەلیکەت هەیە بە پەلە سەردانی هاتوچۆی هەولێر بکە

964+

فەرمان سادق

هاتوچۆی هەرێم ماوەی مانگێک دەستنیشان دەکات بۆ خاوەنەکانی ئۆتۆمبێلەکانی مەلیکە، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێریش دەڵێت: تەنیا سکانیان بۆ دەکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 29.3.2023، بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان، لە نووسراوێكیدا بڕیارێكی نوێی بۆ ئۆتۆمبێلەكانی تۆیۆتا كراون کە ناسراون بە “مەلیكە” دەركرد.

نووسراوەکە کە واژۆی لیوا عەبدولقادر عەزیز، بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی هەرێمی لەسەرە، داوا لە خاوەنی ئۆتۆمبێلەكانی مەلیكە دەکات سەردانی سكانەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەولێر بكەن.

لە بڕیارەکەدا ماوەی مانگێک دەستنیشانکراوە و لە 30.3.2023 تاوەکو 30.4.2023 سەردانی هاتوچۆی هەولێر بکەن، ئەوەشی سەردان نەکات ئەوا خۆیان بەرپرسیار دەبن.

پێوەند بەو پرسە، فازڵ حاجی وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە 964ـی وت، ئەو مەلیکانە دەگرێتەوە کە لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆی شارەکانیان پێشتر پشكنینیان بۆ كراوە.

زیاتر وتی “لەبەر ئەوەی تەنیا سکانەر تەنیا لە هەولێر هەیە، بۆیە خاوەنی مەلیکەکان ناچارن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بکەن”.