لە دەربەندی رانیە بە تۆڕەوەبوون
دوو ماسییە گەورەکە بوون بە نسیبی پۆلیسەکان
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
لە دەربەندی رانیە دەست بەسەر تۆڕێکی راوەماسیدا گیرا، کە دوو ماسیی گەورەی پێوە بووە و مردبوون، پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین ماسییەکانیان بە 223 هەزار دینار فرۆشتووەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 28.3.2023 مەفرەزەیەکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین لە دەربەندی رانیە، ئەو تۆڕەیان دۆزیوەتەوە، بەڵام تا ئێستا نەزاندراوە هی کێ بوون.
لە رۆژی 5.3.2023 تا 16.6.2023 وەرزی قەدەغەرکردنی راوەماسی لە هەرێمی کوردستان راگەیەندراوە و هەر راوچییەک ئەو کارە بکات رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە و دەستبەسەر کەلوپەلەکانیدا دەگیرێت.
بە پێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، کە دەست تۆڕی 964 کەوتووە، لەو وادەیەوە کە قەدەغەی راوەماسی راگەیەندراوە، پێنج کەس دەستگیر کراون و دەستیش بەسەر نزیکەی 30 تۆڕی راوەماسیدا گیراوە.