هۆکاری قەرەباڵغییەکەی رێگای بەحرکە ئاشکرا بوو

میدیازان – فەرمان سادق

رێگای بەحرکە چەند رۆژێکە بەهۆی ئیشکردن تێیدا تەنیا یەک سایدی بەردەستە، ئەمەش قەرەباڵغی دروست کردووە. پۆلیسی هاتوچۆش دەڵێ، هەفتەی داهاتوو دەکرێتەوە.

نزیکەی دە رۆژ دەبێت، رێگای چوون بۆ بەحرکە لەسەر پردی ١٢٠ مەتری لای ئاتکۆنز ستی، یان ئازادی نوێ، کە رێگەیەکی چوار سایدە تەنیا یەک سایدی بەردەستەو ئەوەی تری ئیشی تێدا دەکرێت.

بەهەمان شێوە، رێگای هاتن بۆ ناوشار لە بەحرکەوەش هەمان دۆخی هەیەو لە بەیانیان لەنێوان کاتژمێر ٧؛٣٠ بۆ نۆی بەیانی، بەهۆی دەوامی فەرمانبەران و قوتابیان و خوێندکاران و کاسبکاران، قەرەباڵغییەکی زۆر دروست دەبێت و، ئەمەش وایکردووە رێگایەکە کە پێشتر بە ٣٠ چرکە کەمتریش شوفێران تێیان دەپەڕاند، ئێستا بە نزیکەی نیو کاتژمێر تێی پەڕێنن.

“لە بەیانیان لەنێوان کاتژمێر ٧؛٣٠ بۆ نۆی بەیانی قەرەباڵغییەکی زۆر دروست دەبێت”

فازڵ حاجی، وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر بە میدیازانی راگەیاند، لەو شوێنە شارەوانی هەولیر سەرقاڵی دروستکردنی سەندوقێکی ئاوەڕۆیە وەک بەشێک لە پلانی بەرەنگاربوونەوەی لافاو.

میدیازان دەزانێت، لافاوی یەکەمی پارساڵ کە شاری زێڕین و گوندی کۆری گرتەوە لەسەر رێگای پیرمام و ١٥٠ مەتری، رێڕەوی لافاوەکە لەلای کۆمەڵگەی پیرزینەوە و پشت بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر لەسەر شەقامی ١٥٠ مەتری، بە ئاراستەی شەقامی ١٢٠ و گوندی کەڕک و ئاتکۆنز ستی شۆڕ بووەوەو بەهۆیەوە شەقامی بەحرکەشی لەسەر چوار ریانی ١٢٠ مەتری گرتەوە.

وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر، ئەوەشی روونکردەوە کە ماوەی دە رۆژ دەبێت شارەوانی هەولێر لەو شوێنەی ساڵی رابردوو ئاوی لافاو تێیدا پەنگی خواردەوەو کۆ بووەوە، خەریکی دروستکردنی ئاوەڕۆیەکی سەندوقییە بۆ رێرەوی ئاوی باران و لافاو، ئەو سەندوقە دەگەیەندرێت بە ئاوەڕۆی شەقامی ١٢٠ مەتری.

“دروستکردنی ئاوەڕۆیەکی سەندوقییە بۆ رێرەوی ئاوی باران و لافاو، ئەو سەندوقە دەگەیەندرێت بە ئاوەڕۆی شەقامی ١٢٠ مەتری”

زیاتر وتی “راستە بەهۆی ئیشکردن لەو شەقامە بەیانیان لەکاتی دەوامی قوتابیان و فەرمانبەران، قەرەباڵغییەکی زۆر لە گوندیلوبنانی تا تێپەڕبوون لە پردی ١٢٠ مەتری، هەروەها رێگای هاتنیش لە پێش سەرکەوتن بۆ سەر پردی ١٢٠ مەتری، بەڵام تەواوکردنی رێڕەوە سەندوقیەکە زۆری نەماوەو هەفتەی داهاتوو تەواو دەبێت و رێگایەکە تەواو دەبێت”.

رێگای هەولێر بۆ ناحیەی بەحرکە لەسەر شەقامی ١٠٠ مەترییەوە، دە کیلۆمەتر دەبێت و یەکێکە لە رێگا سەرەکییەکان کە جگە لە بوونی چەندان شارو ستی، ئەوا ناحیەی بەحرکەی بەسەرەوەیە کە ژمارەی دانیشتوانی ١٥٠ هەزار کەس دەبێت، هاوکات دەڤەری بەڕانەتی و زرارەتی بەسەرەوەیە.