"خۆپیشاندانی سەرتاسەری دژی ناتانیاهو هەیە"
لە ئیسرائیل چی روودەدات؟
+964
كوردستان ئەحمەد – هەولێر
دوو رۆژە لە ئیسرائیل خۆپیشاندانە و سەرۆك وەزیرانیش لەو بڕیارەی داویەتی پەشیمان نابێتەوە.
بنیامین ناتانیاهو سەرۆکی وەزیرانی ئیسرائیل پاکێجێکی ئامادەکردووە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی سیستمی دادوەری وڵاتەکەی و ئەوەش خۆپیشاندانی هەزاران کەسی بەدوای خۆیدا هێناوە.
بنیامین ناتانیاهو دەڵێت، دەبێت دادگا هەر بڕیارێك دەربكات سەرۆك وەزیران و پەرلەمانی ئیسرائیل بتوانن تانە لە بڕیارەكە بدەن یاخود بتوانن هەڵیبوەشێننەوە، ئەمەش جۆرێكە لە كەمكردنەوەی دەسەڵاتی دادوەری ئەو وڵاتە.
ئەم بڕیارەی سەرۆك وەزیران ناڕەزایی گەورەی لێكەوتەوە، خەڵكی رژانە سەر شەقامەكان و وەزیری بەرگریش دژی بڕیارەكە هاتە دەنگ و چووە پاڵ ناڕەزاییەكان.
شەوی رابردوو زیاتر لە 200 هەزار كەس رژانە سەر شەقامەكانی ئۆرشەلیم و تەلئەڤیڤ.
بنیامین ناتانیاهو، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، یۆڤ گاڵانت، وەزیری بەرگری کابینەکەی لە كارەكەی دوورخستەوە، ئەوەش ناڕەزایی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، خۆپیشاندانەكان گەورەتربوون.
“نافتالی بێنێت، سەرۆکوەزیرانی پێشوی ئیسرائیل دەڵێت، “ئەو بڕیارە مەترسیەكی گەورەیە وقەت بەقەد ئێستا روومان لەبەریەک هەڵوەشانەوە نەبووە”.
بڕیارەكەی سەرۆك وەزیران، دژی كەمكردنەوەی دەسەڵاتی دادوەری کاردانەوەی لە رووی نێودەوڵەتیەوە لێكەوتەوەتەوە، ئەمریكا داوا دەكات گرژیەكان زیاتر نەبن و ئاڵۆزیەكان چارەسەر بكرێن.
بڕیارە گەورەترین رێكخراوی كرێكارانیش بچنە پاڵ خۆپیشاندانەكان، ئەمەش زیانێكی گەورە بە ئیسرائیل دەگەیەنێت، چونكە زۆربەی هەرە زۆری بزنسە گەورەكانی ئەو وڵاتە دەوەستن.
ئێستا خۆپیشاندەران دوو داواکارییان هەیە، كەمنەكردنەوەی دەسەڵاتی دادوەری و هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی دەركردنی وەزیری بەرگری وڵات.
تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، خۆپیشاندانەکان لە ئیسرائیل بەردەوامن و چەندین ناوچە و شاری جیاجیای گرتووەتەوە.