لە راپەڕین 325 کەس ئامادەکران ببنە سەرپەشتیاری پرۆژە کشتوکاڵییەکان

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لە سنوری ئیدارەی راپەڕین، 325 کەس دوای خوێندنی چەند خولێک، ئێستا ئامادەن ببنە سەرپەرشیاری پرۆژەکانی کشتوکاڵ و ڤێتێرنەری، کە لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدار بۆیان رێکخرابوو.

خالید ئەحمەد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی راپەڕین بە تۆڕی 964ی راگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە لە رێوڕەسمێکدا لە هۆڵی زانکۆی راپەڕین لە رانیە، 325 بەشداربووی خولەکان و دەرچووی بەشەکانی کشتوکاڵ و ڤێتێرنەری، بڕوانامەیان وەرگرت.

بڕیار لەسەر دامەزراندنیان دەدرێت

“لە داهاتوودا وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە رێگەی لیژنەکانیەوە، بڕیار دەدات، کێ دەبێتە سەرپەرشتیار و چۆن و لەکوێ دادەنرێن،” بەڕێوەبەری کشتوکاڵی راپەڕین وای وت.

مانگی تەمموزی ساڵی رابردوو، وەزارەتی کشتوکاڵ فۆڕمێکی بڵاوکردەوە بۆ دامەزراندنی دەرچووانی بەشەکانی کشتوکاڵ و خوێندنی خول و راهێنان، دوای دوو مانگ 11 هەزار و 23 کەس، فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە.

تۆڕی 964 زانیویەتی، لەو فۆڕمانەی پڕکراونەتەوە، چوار هەزاریان لە پارێزگای سلێمانییە، هەزار و 900 فۆڕمیان لە پارێزگای هەولێر، دوو هەزار و 700  لە پارێزگای دهۆک، پارێزگای هەڵەبجە 444 فۆڕم، راپەڕین 700 فۆڕم،  گەرمیان 900 فۆڕم،  زاخۆ 500 فۆڕم و سۆران 124 فۆڕم بووە.

بە پێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ، لەو فۆڕمانەی پڕکراونەتەوە %76 لە رەگەزی مێینەن و ئەوانەی دیکە لە رەگەزی نێرن، ئێستاش بەشێک لەو دەرچووانە، خول دەبینن و مامۆستایانی بەشەکانی کشتوکاڵ وانەکان دەڵێنەوە.