ده‌ستپێكردنى پڕۆژه‌كه.. فۆتۆ : شارهاوانى سه‌نگه‌سه‌ر
شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كه‌ى سه‌نگه‌سه‌ر نۆژه‌ن ده‌كرێته‌وه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
شارەوانیی سەنگەسەر كار له‌سه‌ر نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى شه‌قامێكی سه‌ره‌كى ناحیه‌كه‌یان ده‌كات، كه قه‌ڵادزێ و رانیه به بنارى قه‌ندیل ده‌به‌ستێته‌وه، سه‌رۆكى شاره‌وانیش ده‌ڵێت “ده‌ستمان پێكردووه”.
964 ده‌زانێت، به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه له ساڵانى رابردوو چه‌ندان پرۆژه له هه‌رێمی كوردستاندا وه‌ستاون، له ئیداره‌ى راپه‌ڕینیش به‌هه‌مان شێوه، كه له‌ناویاندا كارى نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى ئه‌و شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌ى سه‌نگه‌سه‌ره، كه به شه‌قامى لووتكه ناسراوه.
دلێر ئیسماعیل، سەرۆکی شارەوانیی سەنگەسەر، سەبارەت بە نۆژەنکردنەوەی ئه‌و شه‌قامه، به 964ـى وت، “ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه ئه‌و شه‌قامه پێویستى به نۆژه‌نكردنه‌وه هه‌یه، ئێستا ده‌ست به كاره‌كانى كراوه”.
به قسه‌ى سه‌رۆكى شاره‌وانى، ئه‌و پڕۆژه‌یه له‌سه‌ر بودجه‌ى په‌ره‌پێدانى هه‌رێمه‌كان جێبه‌جێ ده‌كرێت، درێژی شه‌قامه‌كه 1.7 كیلۆمه‌تره، پانییه‌كه‌ی 15 مه‌ترە و ماوه‌ى ته‌و‌اوكردنیشى 220 رۆژه، تێچووه‌كه‌شی 420 ملیۆن دیناره.
دلێر ئیسماعیل ده‌شڵێت، “شه‌قامى لووتكه شه‌قامێكی سه‌ره‌كییه و هه‌ریه‌ك له رانیه و قه‌ڵادزێ به بنارى قه‌ندیل ده‌به‌ستێته‌وه”.
له ئاگاداریه‌كیشدا داوا لە هاوڵاتیان كراوه، ئه‌وانه‌ى ماڵه‌کانیان دەکەوێتە شەقامی لووتکە، ئەگەر گرفتی ئاو و ئاوەڕۆیان هەیە، پێویستە ئاو و ئاوەڕۆی ماڵەکانیان نۆژەن بکەنەوە، تا قۆناغى قیڕتاوكردنى ئه‌و شه‌قامه ده‌ستى پێنه‌كردووه.