66 خێزان 210 منداڵیان لێ ونبووە
بۆردی سۆراغی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە دەچێتە ئێران
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
ئەو بۆردەی وەزارەتی شەهیدان بۆ سۆراغی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە پێکیهێنا سەردانی ئێران دەکات. ئەوە یەکەم کاری بۆردەکەیە دوای پێکهێنانی.
بۆردەکە لە لایەن عەبدوڵای حەجی مەحمود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانەوە سەرپەرشتیی دەکرێت و هەریەکە لە نوێنەرانی وەزارەتی داد، تەندروستی و ناوخۆ تیایدا ئەندامن.
ئەو بۆردە مانگی شوباتی ئەمساڵ پێکهێندرا.
عادل مەلا ساڵح، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێم بە تۆڕی 964ـی وت “یەکەم کاری بۆردەکە سەردانکردنیەتی بۆ ئێران و سۆراغکردنی منداڵەکان و سەردانەکاش دوای جەژنی مانگی رەمەزان دەکرێت”.
210 منداڵی 66 خێزانی شاری هەڵەبجە و دەوروبەری وەک ونبووی دوای کیمیابارانکردنی ئەو شارە لە 16.3.1988دا لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان تۆمار کراون.
“لە ئێران بۆردەکە بەدوای هەر سەرەداوێکدا دەگەڕێت و سەردانی گۆڕستانەکانی ئەو وڵاتە دەکات بۆ ئەوەش هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتی ئێران کراوە”، عادل مەلا ساڵح وای وت.