رۆژی هه‌ڵبژاردن له‌ كوردستان دیاریی كرا

ئەرسەلان عەبدوڵا

دڵشاد شه‌هاب راوێژكار و وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، سه‌رۆكی هه‌رێم فه‌رمانی ده‌ركرد رۆژی 18.11.2023 هه‌ڵبژارده‌ی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 26.3.2023، دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆکایه‌تیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگره‌یه‌كی رۆژنامەوانیدا رایگه‌یاند، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رۆژی 18.11.2023ی بۆ رۆژی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دیاریی كرد.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، به‌ پێی یاسای ژمارە 1ـی ساڵی 2005ـی هەموارکراو، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەو رۆژەی وەک رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان ده‌ستنیشان كرد.

وتەبێژی سەرۆکایه‌تیی هەرێمی کوردستان فەرمانه‌كه‌ی خوێنده‌وه‌، كه‌ فه‌رمانی هه‌رێمیی 90ی ساڵی 2032یه‌:

پاڵپشت بە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەموارکراو بڕیارماندا بە:

یەکەم: دیاریکردنی رۆژی 18ی 11ی 2023 وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان.

دووەم: گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان، پابەند دەبن بە ئەنجامدانی کاری پێویست بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی، بۆ جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە.

سێیەم: ئەم فەرمانە لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت.