گۆتێرێس: عێراق بەدەست كەمی ئاوی دیجلە و فوراتەوە دەناڵێنێت

+964

سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراق كۆبووەوە و وتوویەتی، ئەوان دەزانن كەمبوونەوەی ئاوی دیجلە و فورات كێشەی گەورەی بۆ عێراق دروستکردووە.

پەیجی فەرمی سەرۆك كۆماری عێراق چەند وێنەیەكی سەرۆك كۆمار و سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكانی داناوە کە بە زەردەخەنەوە تەوقە دەكەن.

لەسەر وێنەكان نوسراوە سەرۆك كۆمار بە سكرتێری نەتەوە یەكگرتەوەكانی وتووە، “كۆنفرانسی ئاو كە چەند رۆژە لە نیویۆڕك پێوەی سەرقاڵین زۆر گرنگ و باش وبوو”.

ئەوەش هاتووە، سكرێتری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان سوپاسی سەرۆك كۆماری عێراقی كردووە و پێی راگەیاندووە، هاوكاری عێراق دەكەن لە رووبەڕووبوونەوەی گرفتەكانی ئاودا.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بە سەرۆك كۆماری عێراقی وتووە، “ئێمە دەزانین عێراق بەهۆی كەمی ئاوی رووباری دیجلە و فوراتەوە دەناڵێنن ئەوەش گرفتی گەورەی بۆ وڵاتەكەتان دروستكردووە”.

لەرۆژی ئاودا 50یەمین كۆنفرانسی تایبەت بە ئاو لە بارەگای نەتەوە یەكگرتوەكان و لەژێر چاودێری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان بەڕێوەچوو، باس لە كێشەكانی ئاو رووبەرووبونەوەی کرا لەسەر ئاستی جیهان.