سێ چەکداری رێکخراوی داعش بە فڕۆکەی F16 کرانە ئامانج

964+

کاروان ساڵحی-کەرکوک

سەرچاوەیەکی سەربازی لە سوپای عێراق بە 964ی راگەیاند، لە رێگەی بۆردومانی فڕۆکەوە توانراوە حەشارگەیەکی چەکدارانی رێکخراوی داعش لە چیای حەمرین خاپور بکرێت.

کاتژمێر 2ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ 24.3.2023، فڕۆکە جەنگیەکانی عێراق، بەهاوکاری فڕۆکەی هاوپەیمانان، توانراوە حەشارگەیەکی چەکدارانی داعش بکرێتە ئامانج و پشتڕاستی کوژرانی سێ چەکداری ئەو رێکخراوەی کراوەتەوە.

ئەو سەرچاوە سەربازیە بۆ 964 ئەوەشی وت “ئەمڕۆ جموجوڵی چەکدارانی داعش لە نێو بەرزایەکانی زنجیرە چیای حەمرین و بە تایبەت لە نێوان پارێزگای دیالە و پارێزگای سەلاحەدین بەدیکرا، دوای دەستنیشانکردنی مۆڵگاکەیان، لەلایەن ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانەوە، بەهاوکاری هاوپەیمانان و فرۆکەی جەنگی F16 مۆڵگەکانیان بۆردومان کرا”.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی “لەو بۆردومانە سێ تا پێنج چەکداری رێکخراوی داعش کوژراون و ئەو ماتۆڕانەی پێیان بووە بۆ هاتوچۆ تێکشکاون”.