چه‌مچه‌ماڵ له‌ پاڵه‌وانی برده‌وه‌ و یارییه‌كیش شه‌ڕ و ئاژاوه‌ی تێكه‌وت

964+
هۆگر عه‌دنان – چه‌مچه‌ماڵ

لە گەڕی 23خولی نایابی کوردستان، یانەی چەمچەماڵ سه‌ره‌ڕای قه‌رزاری و بێپاره‌یی، به‌ڵام له‌ یانه‌ی سیروانی نوێی پاڵه‌وانی وه‌رزی رابردووی برده‌وه‌، یاریی نێوان ئاكرێ و برایه‌تییش ته‌واو نه‌كرا.

ئه‌مڕۆ ئێواره‌ یانه‌ی چەمچەماڵ له‌ یارییه‌كی به‌هێزدا به‌ ئه‌نجامی 2-0 گۆڵ له‌ یانه‌ی سیروانی نوێی برده‌وه‌، به‌مه‌ش تیپه‌كه‌ هیوای بۆ زیندووبووه‌وه‌ بۆ مانه‌وه‌ له‌ خولی نایاب.

گۆڵه‌كانی چەمچەماڵ لە خولەکی 34 لە لایەن هاوکار لەتیف و 44 له‌ لایه‌ن بەختیار خدرەوه‌ تۆمار كران.

ڕێبوار خدر سەرۆک و راهێنەری كاتیی یانەی چەمچەماڵ لە دوای یارییه‌كه‌ بۆ تۆڕی 964 وتی، ئەم سێ خاڵی یارییەی ئه‌مڕۆ پێشکەشە بە وەزیری دارایی و سەرکەوتنی یانەکەمان تەنیا بە هەوڵ و ماندوویەتی یاریزانەکانمە و پشت به‌ خوا لە هەفتەکانی داهاتوو ئەنجامی باشتر به‌ده‌ست ده‌هێنین”.
وتیشی، ئەم ساڵ تەنیا ئامانجمانە لە خولی نایاب بمێنینەوە.

له‌ لایه‌كی دیكه‌ یاریی نێوان ئاكرێ و برایه‌تی به‌هۆی ئاژاوه‌ی هانده‌رانی یانه‌ی ئاكرێیه‌وه‌ ته‌واو نه‌كرا و سه‌ری یاریده‌ده‌ری ناوبژیوانیش بریندار كرا.

ئه‌نجامی یارییه‌كانی دیكه‌ی ئه‌مڕۆ:
سه‌یدسادق 2-0 ده‌ربه‌ندیخان
چوارقوڕنه‌ 0-1 سۆران.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵڵا