شانۆكارانی کورد به پێنج خه‌ڵات له به‌غدا گه‌ڕانه‌وه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
شانۆكاره‌كانى كورد له هه‌ولێر و سلێمانى و كه‌ركوك له شەشەمین ڤێستیڤاڵی شانۆی عێراقی به‌شداربوون و به پێنج خه‌ڵاتیش گه‌ڕانه‌وه هه‌رێمی كوردستان.
شەشەمین ڤێستیڤاڵی شانۆی عێراقی لە رۆژانی 16 تاكو 21ـى ئه‌م مانگه به به‌شدارى 12 پارێزگاى عێراق لە بەغدای پایتەخت بەڕێوەچوو.
هونه‌رمه‌ندى شانۆكار غه‌فور عه‌بدوڵا، كه یه‌كێك بوو له‌و كه‌سایه‌تیه هونه‌ر‌یانه‌ى كه فێستیڤاڵه‌كه خه‌ڵاتى رێز لێنانى پێبه‌خشی، به 964ـى وت “توانیمان له‌و فێستیڤاڵه پێنچ خەڵاتی گرنگ به‌ده‌ستبهێنین و بۆ چه‌ند خه‌ڵاتێكی تریش كاندیدمان هه‌بوو”.
به‌پێی زانیارییه‌كانى 964، خەڵاتی باشترین نمایشی شانۆیی بۆ شانۆیی شالیر و جادوکەرانی ماکبێسی کامەران رەئووف و خەڵاتی باشترین ئەکتەری کوڕیش بۆ هونەرمەند کامەران رەئووف.
هه‌روه‌ها خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچ بۆ شانۆكار هەوار فارس بوو لە شانۆگەری کورسییەکان، خەڵاتی باشترین دووەم ئەکتەری کچیش بۆ شانۆكار هێرۆ جەواد بوو لە شانۆگەری شالیر.
هه‌ر به‌پێی ئه‌و زانیاریانه، خەڵاتی باشترین دیکۆریش بۆ هونه‌رمه‌ندانى هه‌رێمى كوردستان بووه، ئه‌ویش بۆ نەژاد نەجم لە شانۆگەری کورسییەکان.
له‌باره‌ى خه‌ڵاتكردنه‌كه‌ى خۆشییه‌وه، غه‌فور عه‌بدوڵا وتى “وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنه‌وار و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سینەما و شانۆ لە بەغداد، لەپای کار و چالاکییە هونەرییەکانم و بەردەوامیم لە سینەما و شانۆ خەڵاتی رێزلێنانیان پێبەخشیم”.