پارتی ئازادیی كوردستان (PAK):

“ئێران فسفۆڕی سپی بۆ هێرشه‌كه‌ی ئەمڕۆ به‌كارهێناوە”

فەرهاد حەسەن

پارتی ئازادیی كوردستان (PAK) دەڵێت، فۆسفۆری سپی له‌ هێرشه‌ درۆنییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سه‌ر باره‌گایه‌كیان به‌كارهێندراوه‌ کە بووە هۆی برینداربوونی نۆ پێشمه‌رگه‌یان.

(PAK) له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا کە بە زمانەکانی کوردی و فارسی بڵاویكرده‌وه‌، “كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ هێرشه‌ درۆنییه‌كه‌ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ بۆ سه‌ر یه‌كێك له‌ بنكه‌كانی سوپای میللیی كوردستان، ته‌قه‌مه‌نی تێكه‌ڵ به‌ فۆسفۆری سپی به‌كارهێناوه‌”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، “به‌پێی بینین و پشكنینی حاڵه‌تی نۆ پێشمه‌رگه‌ی برینداری ئه‌م هێرشه‌ و ئاگری به‌رفراوانی ژینگه‌ و  شوێنی به‌ ئامانجگیراو، ئه‌و ته‌قه‌مه‌نییه‌ی كه‌ له‌و هێرشه‌دا به‌كارهاتووه‌، فۆسفۆری سپیی تێدا بووه‌”.

ئه‌وه‌شیخستۆته‌ڕو، “ئه‌م په‌لاماره‌ ته‌نیا تاوانێك نییه‌، به‌ڵكو پێشێلكارییه‌كی ئاشكرای بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی یاسای نێوده‌وڵه‌تییه‌ له‌ كاتی شه‌ڕدا، به‌كارهێنانی ئه‌و ته‌قه‌مه‌نییانه‌ی كه‌ سوتاندنی مرۆڤ و ژینگه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی مرۆڤایه‌تی و پابه‌ندبونی نێوده‌وڵه‌تیی ده‌وڵه‌تان ناته‌بان”.

ئەو پارتەی رۆژهەڵاتی کوردستان باسی له‌وه‌شكردووه‌، “كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی نابێت ئه‌م تاوانه‌ بێوه‌ڵام بهێڵێته‌وه‌، داوا له‌ سكرتێری گشتیی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان، ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، ئه‌نجومه‌نی مافه‌كانی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان، كۆمیته‌ی نێوده‌وڵه‌تی خاچی سور و هه‌مو ده‌زگا و دامه‌زراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ پێوه‌ندییداره‌كان ده‌كه‌ین هه‌نگاوی یاسایی پێویست بۆ سزادانی كۆماری ئیسلامیی ئێران هه‌ڵبگرن”.

پارتی ئازادیی كوردستان ئه‌وه‌شی راگه‌یاندوه‌، “چاوه‌ڕێده‌كرێت حكومه‌تی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ پێناو ئاسایش و مافه‌كانی هاوڵاتیان و ژینگه‌ی خۆیان به‌رگریی له‌  ده‌ستدرێژی و هێرشه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئێران بكه‌ن، بێده‌نگی له‌ ئاست به‌كارهێنانی چه‌كه‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان، ڕێگا بۆ دووباره‌بونه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ تاوانه‌ مه‌ترسیدارانه‌ خۆشده‌كات، پاراستنی كەرامه‌تی مرۆڤ و ئاسایشی مه‌ده‌نییه‌كان و پابه‌ندبوون به‌ یاسای نێوده‌وڵه‌تیی، به‌رپرسیارێتییه‌كی هاوبه‌شی هه‌مو ده‌وڵه‌تان و دامه‌زراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌.

پێشتر، ئەدیب خالدیان، بەرپرسی راگەیاندنی پارتی ئازادی کوردستان بڵاویکردەوە، بەهۆی ئەو هێرشەوە هەشت پێشمەرگەیان لە ناوچەی چەمشاری لە نزیک دارەشەکرانی هەرێمی کوردستان، بریندار بوون، هاوکات رێکخراوی مافی مرۆڤی “هانا”ش رووداوەکەی پشتڕاستکردووەتەوە.

بەپێی ئەو دیمەنە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە، هێرشەکە بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو ئەنجامدراوە کە بە شێوەیەکی لەناکاو گەیشتووەتە ئاسمانی بارەگاکە و تەقیوەتەوە.