شاندێکی هەرێم لەوێن

ئۆزبەکستان ئامادەیی دەربڕیوە بۆ گواستنەوەی تەکنەلۆژیا و شارەزاییە نوێیەکانی کشتوکاڵی بۆ هەرێمی کوردستان

فەرهاد حەسەن

وڵاتی ئۆزبەکستان ئامادەیی دەربڕیوە بۆ گواستنەوەی تەکنەلۆژیا و شارەزاییە نوێیەکانی کشتوکاڵی بۆ هەرێمی کوردستان و هەرێمیش ئەمە بە هەنگاوێکی گرنگ دەزانێت بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵی و ئاسایشی خۆراك.

بەپێی راگەیەندراوێکی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێم، ئەمڕۆ لە دووەم وێستگەی سەردانە فەرمییەکەیاندا بۆ کۆماری ئۆزبەکستان، شاندی باڵای بازرگانیی هەرێمی لەگەڵ ئیبڕۆخیم ئەبدوڕەخمانۆڤ، وەزیری کشتوکاڵی ئۆزبەکستان کۆبوونەوە.

لە دیدارەکەدا، جەخت لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لە کەرتی کشتوکاڵی مۆدێرن کرایەوە، شاندی هەرێمیش خواستی خۆی بۆ فراوانکردنی هاریکارییەکان لە بوارەکانی باخداری، بەرهەمهێنانی سەوزە و میوە، پڕۆژەکانی ئاودێری و پیشەسازیی خۆراك دەربڕیوە.

وەزیری کشتوکاڵی ئۆزبەکستان، ئامادەییی وڵاتەکەی بۆ گواستنەوەی تەکنەلۆژیا و شارەزاییە نوێیەکانی کشتوکاڵ و پەرەپێدانی زنجیرەی بەرهەمهێنان بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە، کە ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵی و ئاسایشی خۆراك لە هەرێمی کوردستان.