بە فلاشی مۆبایلەکانیان شوێنەکەیان رووناک کردەوە

بینەرانی شانۆیی پیانۆ نەیانهێشت بێکارەبایی شانۆکە بوەستێنێ

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

ئێوارەی ئەمڕۆ لە دووەم رۆژی شانۆیی پیانۆ، لە گەرمەی نمایشدا، کارەبا بڕا و شانۆکە تاریک بوو، بەڵام بینەران هۆڵی شانۆیان جێنەهێشت و بە مۆبایلەکانیان شوێنەکەیان رووناک کردەوە، ئەم هەڵوێستەش بووە هاندەرێکی گەورە بۆ ئەکتەرەکان تا بەردەوام بن.

شوان کەریم، دەرهێنەری شانۆیی پیانۆ لەسەر ئەو بابەتە بە 964ـی وت: نزیکەی 40 خولەک کارەبا نەبوو و دوو سێ جار بیرمکردەوە شانۆییەکە راگرم، بەڵام کاردانەوەی بینەران هێندە جوان بوو، نەمانتوانی کارەکە رابگرین.

شانۆکار رووبار خالید، کە یەکێکە لە ئەکتەرەکانی شانۆییەکە، قسەی بۆ 964 کرد و وتی: بینەران شوێنەکەیان رووناک کردەوە و بەبێ دەنگی دانیشتبوون و گوێیان لێدەگرتین، ئەمەش بۆ من زۆر جێی خۆشحاڵی بوو.

پێداچوونەوە: هەژان هادی