دوای 15 کاتژمێر لە کارکردنی تیمەکان
بۆری ئاوی ئیفراز سێ چاککرایەوە و ئێوارە ئاو دەگاتەوە ماڵان
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
بۆری ئاوی ئیفراز سێ لە هەولێر کە بە بۆرییە دڵناسکەکە ناسراوە، چاککرایەوە و قەرارە ئەم ئێوارەیە ئاو بگاتەوە ئەو ماڵانەی بێ ئاوبوون.
شکانی بۆرییەکە ئێوارەی دوێنێ روویدا، هەرزوو بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر رایگەیاند، هۆکاری سەرەکیی شکانەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە ماوەی رابردوودا، رۆژانە چەند جارێک کوژانەوەی لەناکاوی کارەبا (تریپ) روویداوە، ئەمەش بووەتەهۆی دروستبوونی پەستانی پێچەوانەی کاریگەر لە ناو بۆرییەکەدا و لە ئەنجامدا لە جۆینتێکی لاوازدا، بۆرییەکە شکاوە.
ئەمڕۆ شەممە 11.7.2026 رابەر حسێن بەڕێوەبەی ئاوی هەولێر بە 964ـی وت، “دوای 15 کاتژمێر لە کارکردنی تیمەکانمان بۆرییەکە چاککراوەتەوە، دوای نیوەڕۆ ئاو دەچێتەوە ناو خەزانەکان و ئێوارە ئاو دەگاتەوە بەشێکی ئەو گەڕەکانەی کە بێ ئاو بوون”.
ئاماژەی بەوەشکرد، تا سەرەلەبەیانی سبەینێ، هەموو ئەو ماڵانەی دەورووبەری شەقامی 60 مەتری کە بەهۆی شکانی بۆرییەکەوە، ئاویان بڕابوو، ئاویان پێدەگاتەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری