بۆ خوێنبەخشین لە هەولێرەوە چوونە کەرکوک

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

ژمارەیەک خۆبەخش ئەمڕۆ سێشەممە، لە هەولێرەوە خۆیان گەیاندە شاری کەرکوک و لەوێ خوێنیان بە توشبووانی شێرپەنجە و تالاسیمیا بەخشی.

ئەو هەڵمەتی خوێنبەخشینە بەبۆنەی نەورۆز و بە هاوکاری رێکخراوی بارز بۆ خوێنبەخشین ئەنجامدراوە، بە وتەی خۆشیان 60 بوتڵی خوێنیان داوا بە بانکی خوێنی کەرکوک.

عەبدوڵا تەیب مزوری سەرۆکی رێکخراوی بارز بۆ خوێنبەخشین، بە تۆڕی 964ی راگەیاند، “ئەمڕۆ بەباشمان زانی لەگەڵ ژمارەیەک خۆبەخش لە شاری هەولێرەوە بچینە شاری کەرکوک و توانیمان 60 بوتڵی خوێن ببەخشین بە بانکی خوێنی کەرکوک، کە تەرخاندەکرێت توشبووانی تالاسیمیا و شێرپەنجە.”

سەرۆکی رێکخراوی بارز زیاتر وتی، “هەرکاتێک [لە کەرکوک] پێویستیان بە خوێن بێت ئامادە دەبین و هەڵمەتیان بۆ ئەنجامدەدەین وخوێنیان پێ دەبەخشین .”

لە کەرکوک نەخۆشخانەی تایبەت بە توشبووانی تالاسیمیا نییە، ئەوەی کە هەیە تەنیا بەشێکی بچوکە لەنێو نەخۆشخانەی ئازادی فێرکاری و تا ئێستا زیاتر لە یەک هەزار توشبوو تۆمارکراون.

ساڵی رابردوو نزیکەی 13 هەزار کەس سەردانی نەخۆشخانەی شێرپەنجەی کەرکوکیان کردووە، هاوکات نزیکەی یەک هەزار و 300 توشبووی نوێی شێرپەنجە تۆمارکراون.