کلینکێکی ڤێتێرنەری بۆ سەگە بەڕەڵاکانی دهۆک کرایەوە
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
لە دهۆک کلینکێکی ڤێتێرنەری بۆ سەگ و ئاژەڵە بەڕەڵاکان کرایەوە و بە حەوت ئامێری پێشکەوتوو چارەسەری گیانداران دەکرێت.
کردنەوەی ئەو کلینیکەیە لەکاتێکدایە کە پێش چەند مانگێگ لەگەلی هناروکێ دەست بە دروستکردنی شوێنێکی تایبەت کراوە بۆ حەواندنەوەی گیانەوەرە بەرەڵایەکان.
سولین محەمەد، بەرێوەبەری کلینیکەکەیە بە 964ی وت” ئەم کلینیکەی ئێمە چارەسەری هەموو جورە گیانەوەرێک دەکات، چوار پزیشکی پسپۆر لەبواری ڤێتەنەری لای ئێمه کاردەکەن، ئامیری سونار، تیشک، خوێن کە هەموویان حەوت ئامێرن کە تایبەتن بە پشکنین و چارەسەری گیانەوەر لە دەرەوەی وڵاتمان هێناوە”.
سولین محەمەد دەشڵێت: هەر کەسێک پشیلەیەک یان سەگێگ یان هەر گیانەورێکی تر کە بەرەڵا بێت، واتە هیچ خاوەنی نەبیت و بیهێنێتە لای ئێمە، ئەوا بێبەرامبەر چارەسەری پێویستی بۆ دەکەین، ئەگەر پێویستیش بکات پشکنینەکانی ئەو گیانەوەرە رەوانەی دەرەوەش دەکەین هەرچی لەدەستمان بێت بۆ گیانەوەرەکان دەکەین، بۆ ئەوانەی کە خاوەنیان هەیە واتە لەماڵی خۆیان بەخێو دەکەن ئێمە بەنرخێکی گونجاو و کەم چارەسەریان دەکەین.
کلینکەکە دوێنێ دووشەممە 20.3.2023، بە ئامادەبوونی پارێزگاری دهۆک کرایەوە.
پزیشکانی سەنتەرەکە دەڵێن، ئامانجی سەرەکی تەنیا خزمەتکردنی گیانەوەرە و ئەوانەشی لە سەنتەرەکە کار دەکەن، کەسانی پسپۆڕ و شارەزان لەبواری نەخۆشییەکانی گیانەوەرەکان.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق