چرکە بە چرکەى ژیانى
ژیانى حەمە گیان لە پێشەنگایەکى فۆتۆیى دا
ژوورى هەواڵ
لەلایەن فۆتۆگرافەر فایەق حەمەساڵح، پێشەنگایەکى فۆتۆگرافى بۆ فۆتۆکانى ژیانى حەمە گیان کرایەوە و چەندین و فۆتۆى جیاواز و نایابى حەمە گیان نمایشکران.
حەمە گیان، بەخشراوێکى دانیشتووى سلێمانییە کە بە “حەمە بێناموس” ناسراوە، بەڵام خۆشەویستى شارەکەیە و ناو و ناوبانگێکى زۆرى پەیدا کردووە و یەکێک لە قسەکانیشى لەلاى خەڵک زۆر ناسراوە کە دەڵێت،”بێناموستریش دەبم”.
فایەق حەمە ساڵح، جگە لەوەى فۆتۆگرافەرێکى دێرینى شارە حەیاتەکەیە، یەکێکە لە مشورخۆرەکانى ژیانى حەمە گیان و بەردەوام چاوى لەسەرییەتى و حەمە گیان خزمەت دەکات.
فایەق حەمەساڵح، بۆ ماوەى 12 ساڵ ژیانى حەمەى کردووە بە فۆتۆ و ئەمڕۆ لە پێشەنگایەکى فۆتۆیدا نمایشى کردن.
لە یەکێک لە فۆتۆکاندا ژنێک دەبیندرێت کە ناوى ئەسمەر محەمەدە، ئەو ژنە یەکێکە لەو کەسە دڵباشانەى کانێسکان کە 15 ساڵ لە پێناو خودا، خزمەتى حەمە گیانى کردووە و شوێنەکەى و جلوبەرگ و بێخەفەکەى بۆ پاککردووەتەوە.
ئەسمەر بۆ پەیامنێرى 964 قسەى کردووە و دەڵێت،”سلێمانى بەوەوە جوانە کە دەستگیرۆیى لێقەوماوان دەکات، منیش لە پێناو خواو ناوناوبانگى سلێمانى، 15 ساڵ خزمەتى حەمە گیانم کردووە”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح