گیان لەدەستدان لە 600 کەس نزیکدەبێتەوە

گەڕان بەدوای بریندار و ونبووانی بوومەلەرزەکەی ڤەنزوێلا بەردەوامە


شانیا بێستون

دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممە دوو بوومەلەرزەی بەهێز بە گوڕی 7.1 و 7.5 پلەی رێختەر، خاکی ڤەنزوێلایان هەژاند، ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی ناوچەکە بوونە قوربانی، بە گوێرەی نوێترین زانیارییەکانی بی بی سی لەسەر رووداوەکە، ژمارەی قوربانیان گەیشتۆتە 589 کەسە و نزیکەی 3000 کەس بریندارن و تیمەکان بەردەوامن لە گەڕان لە ژێر دارپەروودی بینا رووخاوەکان.
بە وتەی دێڵسی رۆدیگرێز سەرۆکی ڤەنزوێلا، ناوچەی لا گوایرا زۆرترین زیانی بەرکەوتووە لە هەردوو بوومەلەرزەکەدا و 589 کەس گیانیان لەدەستداوە و 2980 کەس بریندارن.
لە ئێستادا نەخۆشخانەکان جمەیان دێت و توانای وەرگرتنی برینداری زیاتریان نەماوە، پزیشکەکانی ئەو وڵاتە بە بی بی سییان راگەیاندووە، بەر لە روودانی بوومەلەرزەکە، نەخۆشخانەکان دەرمان و پێداویستی تەواویان لەبەدەستدا نەبووە.
هاوکات سەبارەت بە رووداوەکە نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 1000 کارمەندیان بە ناوچە زیان پێگەیشتووەکان بڵاوەپێکردووە کە شارەزان لە گەڕان و رزگارکردن و تیمی سەگی راهێندراویشیان لەگەڵ خۆیان هێناوە، کە هاوکار دەبێت بە بۆن کردن و زوو دۆزینەوەی بریندار و گیانلەدەستداوان.
تۆم فڵێچەر بەرپرسی کاروباری مرۆیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت،”دەمەوێت خەڵکی ڤەنزوێلا بزانن هاوکاری لە رێگایە”
ئەمە سێیەم بەهێزترین بومەلەرزەیە لە مێژووی ڤەنزوێلادا کە تەواوی خاکەکەی داچڵەکاندبێت، یەکەمیان لە 29ـی تشرینی یەکەمی 1900 و دووەمیان 26ـی ئاداری 1812 روویداوە و هەردووکیان بە گوڕی 7.7 پلەی رێکختەر بووە.